ژەهری "بۆقی دارت" چییە کە رووسیا بە بەکارهێنانی دژی ناڤالنی تۆمەتبار دەکرێت؟

100 جار لە مۆرفین بەهێزترە

دۆسیەی گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا، جارێکی دیکە بووەوە بە رۆژەڤی میدیا جیهانییەکان، ئەمەش دوای ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا رایانگەیاندووە، گومان دەکرێت ناڤالنی بە ژەهری جۆری بۆقی دارت ژەهرخوار کرابێت.

بۆقی دارت" یان "ضفدع سام "، کە تەنیا لە دارستانە باراناوییەکانی ئەمریکای باشووردا دەژی، وڵاتانی ئەوروپا دەڵێن مۆسکۆ ماددەی "ئیپیباتیدین"ی (Epibatidine) دژی ناڤالنی بەکارهێناوە، کە ژەهرێکی دەماریی یەکجار کوشندەیە و هێزەکەی 100 هێندەی ماددەی مۆرفینە.

ئەلیستێر های، پڕۆفیسۆر و پسپۆڕی ژەهرناسی لە زانکۆی لیدزی بەریتانیا، دەڵێت: ئەم ژەهرە راستەوخۆ دەمارەکانی کۆئەندامی هەناسە دەستەسەر دەکات. کاتێک دەچێتە ناو خوێنەوە، دەبێتە هۆی ئیفلیجییەکی تەواوەتی لە ماسولکەکاندا و وا دەکات سییەکان لە کار بکەون، بەمەش قوربانییەکە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەهۆی خنکانەوە گیان لەدەست دەدات.

ئەم ماددەیە لە پێستی جۆرە بۆقێکی رەنگاوڕەنگ وەردەگیرێت. لە جیهانی سروشتدا، هەرچەندە رەنگی بۆقەکە گەشتر و سەرنجڕاکێشتر بێت، واتای ئەوەیە ژەهرەکەی کوشندەترە.

وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، سوید و هۆڵەندا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا جەخت دەکەنەوە کە ناڤالنی لەناو زینداندا بەم ماددە تیرۆر کراوە. لە بەرانبەردا، باڵیۆزخانەی رووسیا لە لەندەن رایگەیاند، ئەمە هێندە بێمانایە، دەبێت بپرسین کێ هەیە باوەڕ بەم هێرشە پڕوپاگەندەییەی رۆژئاوا بکات کە پەیوەستە بە بۆقەوە؟

ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی بسەلمێنرێت کە رووسیا ئەم ژەهرەی بەکارهێناوە، ئەوا مۆسکۆ دەکەوێتە بەردەم سزای قورسی نێودەوڵەتی، چونکە ئەمە بە واتای پێشێلکردنی رێککەوتنامەی چەکی بایۆلۆژی (1972) و چەکی کیمیایی (1993) دێت، کە رووسیا خۆی واژۆی لەسەر کردوون. پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری دەڵێن، سەرەڕای ئاڵۆزیی ماددەکە، بەڵام بەسەمەیەکی کیمیایی تایبەتی هەیە کە لە تاقیگە پێشکەوتووەکاندا بە ئاسانی دەناسرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ساڵی 2021دا، ئەلێکسی ناڤالنی دوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە کە بەهۆی ژەهراویبوونی ماوەی پێنج مانگ بوو چارەسەری پزیشکی وەردەگرت، لە فڕۆکەخانەی شێرمێتیڤۆ لە مۆسکۆ پایتەختی رووسیا دەستگیرکرا و دواتر چەندین تۆمەتی ئاراستەکرا و بە 19 ساڵ زیندانیکردن سزادرابوو.

رۆژی هەینی، 16ی شوباتی 2024، دەزگای زیندانی رووسیای فیدراڵ لە راگەیێندراوێکدا مردنی ناڤالنی تەمەن 47 ساڵ راگەیاند. مردنی ناڤالنی ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و رۆژئاوا پوتن بە کوشتنی ئەو سەرکردەیەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا تۆمەتبار دەکەن.