وەزارەتی ناوخۆی عێراق رێکارەکانی مانگی رەمەزانی راگەیاند
بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی گەلی عێراق و موسڵمانانی جیهان دەکات، لە بەیاننامەکەدا، وەزارەت داوا لە خوای گەورە دەکات ئەم مانگە بکاتە مایەی خێر و بەرەکەت و ئاسایش بۆ عێراق، هاوکات چەند رێکارێکی تایبەت بە مانگی رەمەزان راگەیاندووە.
دووشەممە 16ـی شوباتی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، جەخت لەسەر بەها ئیمانی و کۆمەڵایەتییە باڵاکانی مانگی رەمەزان دەکاتەوە، کە تێیدا واتاکانی لەخواترسی و رێکخستن بەرجەستە دەبن، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هەموو هاوڵاتییان و دانیشتووانی عێراق دەکات کە پابەند بن بە ریزگرتنی ئەم مانگە پیرۆزە و رێز لە تایبەتمەندییەکەی بگرن، و پابەند بن بەو رێکارانەی تایبەتن بە مانگی رەمەزانی پیرۆز.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، بە هیچ شێوەیەک رێگە بە خواردن و خواردنەوەی ئاشکرا لە کاتی رۆژوودا نادرێت، چونکە ئەمە بە گاڵتەجاڕی بە هەستی رۆژووەوانان دادەنرێت، جەخت لەوەشکردوەتەوە، ئەم قەدەغەکردنە هەموو کەسێک دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی، چ هاوڵاتی بن یان دانیشتووی عێراق، بۆ جەختکردنەوە لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا.
هەروەها، قەدەغەیە پێشکەشکردن یان بازرگانیکردن بە هەموو جۆرەکانی خواردنەوە کحولییەکان لە مانگە پیرۆزەکەدا.
وەزارەت فەرمانی بەردەوامبوونی داخستنی کۆگاکانی خواردنەوە کحولییەکان و هەروەها داخستنی چێشتخانە، کافتریا، قاوەخانە، و یانە کۆمەڵایەتییەکانی ناو هۆتێلەکان و ئەو شوێنانەی کە خواردن و خواردنەوە پێشکەش دەکەن لە کاتی رۆژوودا، داوە، جگە لەو شوێنانەی کە مۆڵەتی فەرمییان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەیە.
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەیاننامەیە دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و لایەنە حکوومییە پەیوەندیدارەکان و حکوومەتە خۆجێیەکانی هەموو پارێزگاکان، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی دروست و دادپەروەرانەی ئەم رێکارانە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، جەخت دەکاتەوە کە پێشێلکردنی بڕگەکانی ئەم بەیاننامەیە سزای یاسایی بەسەر سەرپێچیکاراندا دەسەپێنێت بەپێی دەسەڵاتەکانی ماددەی (1) لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (20)ی ساڵی 2016، و بەپێی بڕگەکانی ماددەی (2 و 3)ی هەمان یاسا.
سەبارەت بەو کەسانەی کە عێراقی نین و لە وڵاتدا کار دەکەن، هەر پێشێلکارییەک سزای یاساییان بەسەردا دەسەپێنێت و رەنگە بگاتە قەدەغەکردنی کارکردن یان دوورخستنەوەیان لە عێراق بەپێی یاسا کارپێکراوەکان.
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هەموو دامەزراوە و کۆمپانیا و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ئەم بەیاننامەیە بەسەر کارمەند و کرێکارەکانیاندا بڵاوبکەنەوە، و ئاگادارییان بکەنەوە لەسەر پێویستیی پابەندبوونی تەواو بەوەی تێیدا هاتووە.