توێژینەوەیەک: قژ سوورەکان لە پیربوونی پێشوەختە پارێزراون
توێژینەوەیەکی زانستی ئاشکرای دەکات، ئەو کەسانەی خاوەن قژی سوورن، رەنگە خاوەنی سیستمێکی بایۆلۆژی تایبەت بن کە یارمەتی جەستەیان دەدات لە ماددە ژەهراوییەکان رزگاریان بێت، ئەمەش رێگری لە پیربوونی پێشوەختە و تووشبوون بە شێرپەنجە دەکات.
بەگوتەی توێژەرانی مۆزەخانەی نیشتمانی بۆ زانستە سروشتییەکان لە ئیسپانیا، ترشە ئەمینی "سیستێین" هەرچەندە بە ئاستێکی دیاریکراو پێویستە، بەڵام کۆبوونەوەی رێژەیەکی زۆری لە جەستەدا دەبێتە هۆی هەوکردن و تێکشکانی شانە و ئەندامە سەرەکییەکانی وەک جگەر، مێشک، گورچیلە، ماسولکە و چاوەکان.
تیمی زانستیی توێژینەوەکە پێیان وایە ئەو رەنگە (زەرد-پرتەقاڵییە)ی کە بە "فیومێلانین" ناسراوە و بەرپرسە لە رەنگی سووری قژ، رێگری لە کۆبوونەوەی "سیستێین" لە ناو جەستەدا دەکات و کاریگەرییە ژەهراوییەکانی کەمدەکاتەوە.
بۆ سەلماندنی ئەم گریمانەیە، توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر باڵندەی "زیبرا فینچ" ئەنجامدا کە بە پەڕە پرتەقاڵییە گەشاوەکەی ناسراوە. لە تاقیکردنەوەکەدا 65 باڵندە دابەشکران بۆ 3 گرووپ:
1- گرووپێک کە ماددەی سیستێینیان پێدرا.
2- گرووپێک کە سیستێینیان لەگەڵ دەرمانێکی رێگریکەر لە بەرهەمهێنانی فیومێلانین پێدرا.
3- گرووپێکی کۆنترۆڵ کە هیچ چارەسەرێکیان وەرنەگرت.
ئەنجامەکان دەریانخست، ئەو باڵندە نێرانەی توانای بەرهەمهێنانی "فیومێلانین"یان هەبوو، کەمتر تووشی تێکچوونی خانەکان بوون بەراورد بەوانەی رێگرییان لە بەرهەمهێنانی رەنگەکە لێکرابوو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ رۆڵی پارێزەری ئەو ماددەیە.
سەرەڕای ئەم سوودە، توێژەران جەخت دەکەنەوە کە "فیومێلانین" پارێزگاری لە تیشکی سەروو بنەوشەیی ناکات، بە پێچەوانەی رەنگی "یۆمێلانین"ی تۆخ، ئەمەش وادەکات ئەو کەسانەی پێستیان سپی و قژیان سوورە، زیاتر رووبەڕووی مەترسی شێرپەنجەی پێست ببنەوە.
زانایان دەڵێن، رەنگی قژ یان پەڕی باڵندەکان تەنیا سیفەتێکی جوانی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی جەستە لەگەڵ فشاری ناوکی خانەکانەوە هەیە.
ئەم توێژینەوەیە دەروازەیەکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان رەنگە بایۆلۆژییەکان و هاوسەنگی کیمیایی جەستە دەکاتەوە، بەڵام توێژەران ئاماژە بەوە دەدەن کە سەلماندنی ئەم ئەنجامانە بە تەواوی لەسەر مرۆڤ پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە.