رۆژنامه‌یه‌ك: سوپای پاسدارانی ئێران مووشه‌ك و فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی ده‌گوازێته‌وه ناو خاكی عێراق
ئه‌و چه‌كانه به دوو قۆناغ گوازراونه‌ته‌وه بۆ ناو خاكی عێراق

K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی قه‌به‌سی كوه‌یتی له راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه، سوپای پاسدارانی ئێران ژماره‌یه‌ك مووشه‌كی جۆری "ئارش"ـی كورتمه‌ودای زیره‌ك و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی دروستكراوی ئێرانی گواستووه‌ته‌وه ناو خاكی عێراق و له كۆگاكانی گرووپه میلیشیاكانی سه‌ر به تاران دانراون.
ئه‌و رۆژنامه‌یه له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری ناوخۆی ئێران بڵاویكرده‌وه، پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و مووشه‌ك و فڕۆكانه به دوو قۆناغ ئه‌نجامدراوه و روونی كرده‌وه، سه‌ره‌تا ئه‌و چه‌كانه له تارانه‌وه گوازراونه‌ته‌وه بۆ سه‌ربازگه‌ی "كه‌وسه‌ر" كه گه‌وره‌ترین سه‌ربازگه‌یه له رۆژئاوای ئه‌هواز، دواتر له‌رێگه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری شه‌لامچه‌وه گوازراونه‌ته‌وه بۆ ناو خاكی عێراق.
راپۆرته‌كه‌ی رۆژنامه كوه‌یتییه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌دات، "فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران ئه‌و چه‌كانه ناخاته ژێر كۆنترۆڵی گرووپه میلیشیا عێراقییه‌كان، به‌ڵكو له چه‌ند كۆگایه‌ك هه‌ڵگیراون، كه پاسه‌وانییه‌كی چڕیان هه‌یه و تایبه‌تن به گرووپه میلیشیا عێراقییه‌كانی نزیك له تاران له پارێزگاكانی باشووری عێراق و له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌ر و پله باڵاكانی فه‌یله‌قی قودسه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن".
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، "ئێران له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه دوو یه‌كه‌ی له باشترین ئه‌فسه‌ران و شاره‌زایانی سوپای پاسدارانی تایبه‌ت به هه‌ڵدانی مووشه‌ك و یه‌كه‌یه‌كی تایبه‌ت به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ره‌وانه‌ی عێراق كردووه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، ئه‌و ئه‌فسه‌رانه راسته‌وخۆ فه‌رمان له ئیسماعیل قائانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس وه‌رده‌گرن، كه به‌مدواییانه سه‌ردانی عێراقی كردبوو.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ش، پێشبینی ده‌كرێت له چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی داهاتوودا به‌و چه‌كانه هێرشی سه‌ر چه‌ند شوێنێك بكرێت، نه‌ك ته‌نیا له‌ناو خاكی عێراق، به‌ڵكو بۆ سه‌ر چه‌ند پێگه‌یه‌ك له وڵاتانی ناوچه‌كه، ئه‌مه‌ش دوای كۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاتی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و راده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات به جۆ بایدن، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا.
سه‌باره‌ت به قائانیش راپۆرته‌كه باسی ئه‌وه‌ی كردووه، له سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌یدا بۆ عێراق، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی گرووپه چه‌كداره‌كانی عێراق كۆبووه‌ته‌وه و گفتوگۆیان له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی كوژرانی موحسین فه‌خریزاده، زانا ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران له ئیسرائیل كردووه، كه له مانگی رابردوودا له رۆژهه‌ڵاتی تاران له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه كوژرا و ده‌گوترێت، هێرشبه‌ران به فه‌رمانی ته‌لئه‌ڤیڤ ئه‌و كرده‌یان ئه‌نجامداوه.
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی قه‌به‌س
H.B