دانا ئەحمەد مەجید بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە کەرکووک بەڕێوەچوو، کە دانا ئەحمەد مەجید بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرا.
دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرکەوتنی ئەم کۆنفرانسەی گۆڕان تەنیا هەنگاوی پارتێکی سیاسیی چاکسازیخوازی نیشتمانی مەدەنی نییە، بەڵکو سەرکەوتنی کەرکووکە.
گوتیشی: دانا ئەحمەد مەجید بە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا، هەروەها جڤاتێکی 55 ئەندامی هەمیشەیی و پێنج ئەندامی یەدەگ هەڵبژێردران، ئاماژەی بەوەشدا دەستووری رێکخراوەیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ قۆناغی داهاتووی کاری رێکخراوەیی هەڵبژێردرا و هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بەهەموو رێکارەکانی بۆ ئێمەیان دانابوو کارەکانیان جێبەجێ کرد.
دلێر عەبدولخالق باسی لەوەشکرد، ئێمە زیاتر لە ساڵێکە کێشەی رێکخراوەیی و یاسایی و سیاسییمان هەبوو، ئەم هەنگاوە بۆیە گرنگە ئەم رێکگرییانەی تێپەڕاند، دەشڵێت، ئەمە سەرکەوتنی تەنیا رێکخەری نوێی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەم جڤاتە نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو ئەم ئەندامانەیە کە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان هاتوون و بەشدارییان کردووە، هەروەها سەرکەوتنی هەموو ئەم دەنگدەرانەی گۆڕانە کە لە 2009ەوە دەنگیان داوە.
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی: بەداخەوە ژمارەیەک لە هاوڕێکانمان هۆڵی کۆنفرانسیان بەجێهێشت، ئێمە سەرکەوتنی ئەم کۆنفرانسە بە هی ئەوانیش ئەزانین، بزووتنەوەی گۆڕان هی هەموو خەڵکە، هەورەها سەرکەوتنی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە کەرکووک، سەرکەوتنی ستراتیژی نیشتمانی کوردستانە، گەڕانەوە بۆ کەرکووک واتە کەرکووک بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی پیرۆزی کوردستان.
دەشڵێت، لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق هەڵدەدەینەوە، هەورەها بە دیدگایەکی نوێوە کاردەکەین و شانمان دەدەینە بەر ئەم بەرپرسیارەتیە.