هۆزە ئێزدییەکانی شنگال هۆشداری لە تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیری ناوچەکە دەدەن
هۆزە ئێزدییەکانی نیشتەجێی چیای شنگال، لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا هۆشدارییان لە تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیری ناوچەکە دا و ڕایانگەیاند، کە هەندێک لایەنی سیاسی و پەرلەمانتار و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی کار بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای وڵاتانی دەرەکی دەکەن و دەیانەوێت هاوسەنگییەکان لە شنگال تێکبدەن.
هۆزە ئێزدییەکانی شنگال، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 16ی شوباتی 2026 بڵاویان کردەوە، هۆشدارییان دا لە سەرهەڵدانی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و ڕایانگەیاند، قۆناغەکە هەستیار و چارەنووسسازە و داوایان کرد هەموو هەوڵێک بخرێتە گەڕ بۆ ڕێگریگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی ساڵی 2014 و جینۆسایدکردنی پێکهاتەکەیان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هۆزە ئێزدییەکان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە سەرنجیان خستووەتە سەر هەندێک جووڵەی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکەدا و ئاماژەیان بەوە کردووە، هەندێک لایەنی ناوخۆیی و کەسایەتی پەرلەمانتاری دەرەوەی پێکهاتەی ئێزدی، لەگەڵ هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی، هەوڵی تێکدانی بارودۆخی شنگال و دروستکردنی پشێوی دەدەن. بە گوتەی هۆزەکان، ئەم لایەنانە کار بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی دەکەن کە چاویان بڕیوەتە جوگرافیا و بڕیاری سیاسی ناوچەکە.
هۆزە ئێزدییەکانی شنگال بە توندی دژی هەر هەوڵێک وەستاونەتەوە کە بیەوێت بە زەبری هێز هاوکێشەیەکی نوێیان ئەجێندایەکی سەپێندراو بەسەر چیای شنگالدا بسەپێنێت. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە ئەم جۆرە هەوڵانە بە هەموو شێوەیەک ڕەتکراوەن و ڕێگەیان پێنادرێت. هەروەها ئەو لایەنانەیان بە بەرپرسیاری یاسایی، ئەخلاقی و عەشایەری زانیوە لە بەرانبەر هەر گرژی، ئاڵۆزی، یان شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە کە بەهۆی سیاسەتی ئیستفزازکردن و سەپاندنی ئەمری واقیعەوە بێتە ئاراوە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لە پیرۆزی و پێگەی مێژوویی چیای شنگال کراوەتەوە و تێیدا هاتووە، چیای شنگال تەنیا ناوچەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکوو سیمبولێکی ئایینی، مرۆیی و مێژوویی پیرۆزە لای ئێزدییەکان. ئەم چیایە پەناگەی کۆتایی ئێمە بووە لە مێژوودا بۆ پاراستنی خۆمان لە جینۆساید و چەوسانەوە، کە دوایینیشیان هێرشە دڕندانەکەی ساڵی 2014 بوو. هۆزەکان دووپاتیان کردەوە کە چیای شنگال "هێڵی سوورە" و هەر دەستدرێژییەک بۆ سەری، وەک هێرش بۆ سەر ناسنامە و بوونی ئەوان هەژمار دەکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هۆزە ئێزدییەکان پابەندبوونی خۆیان بە بژاردەی ئاشتی، گفتوگۆ و سەقامگیری نیشان دا و ڕەتیان کردەوە ڕێگە بدەن جارێکی تر خاکەکەیان بکرێتە مەیدانی سەربازیی و ململانێی هێزەکان. هاوکات داوایان لە حکوومەتی فیدراڵی بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو هێزە نیشتمانییەکان کرد، بەرپرسیارێتی خۆیان لە پاراستنی شنگال و خەڵکەکەی هەڵبگرن و ڕێگری بکەن لە هەر هەوڵێک کە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە و دیمەنی ئاوارەیی و مەینەتی بۆ ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە.