ئەستێرەی فیلمی "باوکی رۆحی" لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

(وێنە؛ ئەرشیف، ڕۆبێرت دوڤاڵ ئەکتەری ناوداری ئەمریکی)
(وێنە؛ ئەرشیف، ڕۆبێرت دوڤاڵ ئەکتەری ناوداری ئەمریکی)

خێزانی ئەکتەری ناوداری ئەمریکی و خاوەن خەڵاتی ئۆسکار، ڕۆبێرت دوڤاڵ، کۆچی دوایی ناوبراویان لە تەمەنی 95 ساڵیدا راگەیاند، ئەمەش دوای کاروانێکی هونەری درێژخایەن کە زیاتر لە حەوت دەیەی خایاند.

لوسیانا دوڤاڵ، هاوسەری ئەکتەرە کۆچکردووەکە، لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "دوێنێ دووشەممە، ماڵئاواییمان لە هاوسەرە خۆشەویستەکەم و ئازیزترین هاوڕێم کرد، کە یەکێک بوو لە گەورەترین ئەکتەرەکانی سەردەمی ئێمە". 

ئاماژەی بەوەش کرد، دوڤاڵ "بە ئارامی لە ماڵەکەی خۆیدا و لە ناو کەشێکی پڕ لە خۆشەویستی و ئاسوودەیی" کۆچی دوایی کردووە.

ڕۆبێرت دوڤاڵ لە 5ـی کانوونی دووەمی 1931لە شاری سان دیێگۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە. ئەو لە شاری ئاناپۆلیسی ویلایەتی میریلاند گەورە بووە. دوای ئەوەی بڕیاریدا ببێتە ئەکتەر، لە کۆلێژی پرینسیپیا لە ئیلینۆیس و دواتر لە "Neighborhood Playhouse" لە شاری نیویۆرک خوێندوویەتی، لەوێدا هاوپۆلی ئەستێرە ناودارەکانی وەک داستین هۆفمان، جین هاکمان و جەیمس کان بووە.

دەستپێکی کاری سینەمایی دوڤاڵ بۆ ساڵی 1962دەگەڕێتەوە، کاتێک رۆڵی "بیو رادلی" لە فیلمی کلاسیکی (To Kill a Mockingbird) بینی. بەڵام وێستگەی زێڕینی ژیانی لە ساڵی 1972بوو، کاتێک رۆڵی "تۆم هاگن"ی لە فیلمی ناوداری (The Godfather) گێڕا، کە بەهۆیەوە یەکەمین پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین ئەکتەری پاڵپشت بەدەستهێنا.

دوڤاڵ لە بەشی دووەمی فیلمی (The Godfather) و فیلمی جەنگی (Apocalypse Now) لە ساڵی 1979 بەشداری کرد، بۆ فیلمی دووەمیان دووەم پاڵێوراوی ئۆسکاری بەدەستهێنا.

ڕۆبێرت دوڤاڵ، لە ماوەی ژیانی هونەریدا پێنج جار دیکەش بۆ خەڵاتی ئۆسکار پاڵێوراوە، ئەمەش وەک رێزلێنانێک بۆ ئەو کارە سینەماییە دەگمەنانەی پێشکەشی مێژووی سینەمای جیهانی کردوون