سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا: هیچ هاوسۆزییەکمان بۆ "بووکانی داعش" نییە
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا جەخت دەکاتەوە، حکوومەتەکەی هیچ پلانێکی نییە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 34 ئافرەت و منداڵەی لە سووریا ماونەتەوە و بە "بووکانی داعش" ناسراون، راشیگەیاند، ئوسترالیا هیچ هاوسۆزییەکی بۆ ئەو کەسانە نییە.
ئەو کۆمەڵە ئافرەتە ئوسترالییە دوای ئەوەی کەمپی رۆژ بەجێدەهێڵن، لە هەوڵێکدا بۆ گەڕانەوە بۆ ئوسترالیا، لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە رێگرییان لێکرا، چونکە بڕیار بوو گەشت بۆ دیمەشق بکەن و دواتر بە فڕۆکە بەرەو سیدنی بڕۆن.
ئەلبانیز لە لێدوانێکدا بۆ پەخشی فەرمی ئوسترالیا ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتەکەی "بە هیچ شێوەیەک هیچ پشتیوانییەک ناکات و ئەم کەسانە ناگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان"، باسی لەوەش کرد کە ئوسترالیا هیچ هاوسۆزییەکی بۆ ئەو کەسانە نییە کە گەشتیان کردووە بۆ بەشداریکردن لە هەوڵێکدا بۆ دامەزراندنی "خەلافەتێک" کە شێوازی ژیانی ئوسترالیا تێکدەدات.
ئەو کۆمەڵەیە کە 11 خێزان لەخۆدەگرێت، کەسوکاریان لە ئوسترالیاوە گەشتیان بۆ سووریا کردبوو بۆ هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا و یاوەریکردنیان بە مەبەستی بردنەوەیان بۆ ئوسترالیا، بەڵام حکوومەتی ئەو وڵاتە بە هەموو شێوەیەک گەڕانەوەیان رەت دەکاتەوە.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیالە کاتێکدایە دوێنێ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی کەمپی رۆژ ئازادکردنی 34 هاووڵاتی ئوسترالی راگەیاند کە ئەندامی 11 خێزانی چەکدارانی پێشووی داعشن. بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمە یەکەمجارە لە دوای چەند ساڵێک، هیچ هاووڵاتییەکی ئوسترالی لەناو کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا نەمێنن.
حەکیمە ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەمپی رۆژ ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەو 11 خێزانە بە شێوەیەکی فەرمی رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە کە لە ئوسترالیاوە بۆ وەرگرتنەوەیان هاتبوونە ناوچەکە. بەگوێرەی ئامارەکان، تا ئێستا 2,201 کەس لە 50 نەتەوەی جیاواز لەناو کەمپەکەدا ماونەتەوە.