زێلێنسکی: رووسیا نایەوێت رێککەوێت
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداریی لە هێرشێکی گەورەی دیکەی رووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا دەدات.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامێکی ڤیدۆییدا رایگەیاند، رووسیا دەیەوێت لە رۆژانی کۆتایی زستاندا گورزێکی بە ئازار لە ئۆکرانییەکان بدات.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی ئۆکرانیا پێشتر گەیشتوونەتە سویسرا بۆ دانوستان، بەڵام مۆسکۆی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئامادە نییە سازش بکات.
سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی، رووسیا هەموو شتێک رەتدەکاتەوە، بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر هێڵی پێشەوە و هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر شارەکانمان و سەر وزەی وڵاتەکەمان.
زێلێنسکی باسی لەوەشکرد، دەبێت کرێملن ناچار بکرێت لە رێگەی سزا نوێیەکانەوە بەرەو ئاشتی بێت، هاوکات داوای لە هاوپەیمانەکانی رۆژئاوا دەکات کە چەکی دژە فڕۆکەی بۆ دابین بکەن.
سەرۆکی ئۆکرانیا جەختی کردەوە، دواکەوتنی گەیاندنی چەک بە ئێمە تەنیا زیانی هێرشەکانی رووسیا زیاد دەکات، گوتیشی، زۆر گرنگە ئەوەی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە میونشن باسمان کرد دەستبەجێ جێبەجێ بکرێت.
ئۆکرانیا نزیکەی چوار ساڵە بە پشتیوانی رۆژئاوا بەرگری لە خۆی دەکات لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا. لە وەرزی زستاندا رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوەی وزەی ئۆکرانیا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک چڕتر کردەوە.