کونسوڵی کۆریای باشوور بۆ کوردستان24: هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی بەهێزی سۆفتوێر لە ناوچەکەدا
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، سیۆنگ چوو لیم، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان لە بۆڵتەنی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند؛ ئەنجامدانی ئیڤێنتی ژیریی دەستکرد (AI) لە هەرێمی کوردستان، خاڵێکی وەرچەرخانە و هێز و توانای نەوەی ئێستای کوردستان نیشانی جیهان دەدات.
کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم چالاکییانە تەنیا سەرەتایەکن بۆ کارێکی گەورەتر. بڕیارە پڕۆگرامێکی چڕوپڕ بۆ ماوەی سێ مانگ (لە مانگی حوزەیران تاوەکو ئەیلوول/6 بۆ 9) بەڕێوەبچێت. تێیدا کۆمپانیای "ئۆڤانا" وەک لایەنی سەرەکی رۆڵی پێشەنگ دەبینێت بۆ پێشکەشکردنی داهێنانە نوێیەکان و بەرزکردنەوەی توانای گەنجان.
بەر لە دەستپێکی پڕۆگرامەکە، لە مانگەکانی ئادار و نیساندا (3 و 4)، بە هاوکاریی دەزگاکانی (روانگە، کوردستان فاوندەیشن، کورد ڤیژن ئیچوکەیشن و چەند دامەزراوەیەکی دیکە)، خولی راهێنانی تایبەت بە ژیریی دەستکرد بۆ هەموو بەشداربووان لە ناوچە جیاوازەکان ڕێکدەخرێت.
سیۆنگ چوو لیم گوتی: "شەش بواری سەرەکی لەم پڕۆژەیەدا هەن، بەڵام پێشبینی دەکەین هەرێمی کوردستان لە کەرتی 'سۆفتوێر'دا زۆر بەهێز بێت." هەروەها باسی لە ئەزموونی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند؛ کۆریای باشوور پلانی هەیە 200 هەزار شارەزای AI پێبگەیەنێت و هەوڵی گەڕاندنەوەی دوو هەزار شارەزای دیکە لە دەرەوە بۆ ناو وڵات دەدات.
کونسوڵی گشتیی ئاواتی خۆی نیشان دا کە گەنجانی زیرەکی هەرێم لە دامەزراوە و کۆمپانیا کۆرییەکاندا کار بکەن و گوتی: "ئەمە خواست و خەونی منە کە هەماهەنگییەکی بەهێز لە نێوان حکوومەت و کۆمپانیا کۆرییەکان و گەنجانی ئێوەدا دروست بکەین."
هەروەها جەختی کردەوە، کوردستان پێویستی بە پلانی ستراتیژی و دامەزراوەی توێژینەوە هەیە بۆ گۆڕینی ئابوورییەکەی، وەک چۆن کۆریا توانی بە ماوەیەکی کورت ئابووری خۆی بونیاد بنێتەوە.
کونسوڵی گشتیی کۆریا مژدەی بە قوتابییان دا و رایگەیاند کە چەندین پڕۆگرامی سکۆلارشیپیان (خوێندنی بێبەرامبەر) راگەیاندووە. دواکات بۆ پێشکەشکردن (Deadline): 24ـی شوباتی 2026.
چۆنێتی پێشکەشکردن، لە رێگەی پۆستەکانی کونسوڵخانە و دابەزاندنی فۆڕمەکان لەرێگەی Apple ID یان سایتە فەرمییەکان.