جووتیارانی کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد و دوا مۆڵەت دەدەنە حکوومەتی فیدراڵ

زیاتر لە هەشت مانگە جووتیارانی کورد، تورکمان و عەرەب لە کەرکووک گەنمەکانیان رادەستی حکوومەتی فیدراڵ کردووە بەڵام شایستە داراییەکانیان پێنەدراوە. بۆیە چەندین جارە خۆپیشاندان دەکەن و گوێیان لێ ناگیرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، جووتیارانی کورد، تورکمان و عەرەب لە بەردەم سایلۆی کەرکووک دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە، لەوبارەوە ساتع ناسح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا بە بە کوردستان24ـی گوت: لە 50%ـی جووتیارانی کەرکووک تاوەکو ئێستا شایستە داراییەکانی گەنمی 2025یان وەرنەگرتووە، گوتیشی: جووتیاران لە دۆخێکی دارایی زۆر خراپدان و توانای دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان نەماوە، چونکە شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جووتیارانی پارێزگاکانی باشووری عێراق هەموویان شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە، بۆ تەنیا کەرکووک شایستە داراییەکانیان وەرناگرن، دەشڵێت، کەمێکی دیکە بەیاننامەمان دەبێت و دوا مۆڵەت دەدەینە حکوومەت، ئەگەر بەڵێنی کرداریمان پێنەدەن، هەڵوێستی توندترمان دەبێت.

نوێنەرەکەی جووتیارانی تۆپزاوا گوتیشی: ئێمە گەنمەکەمان داوەتە وەزارەتی بازرگانی عێراق، بەڵام ئەوەی ئێمە بیستوومانە وەزارەتی دارایی پارەی نەخستووەتە سەر هاژماری وەزارەتی بازرگانی، بۆیە وەزارەتی بازرگانیش دەڵیت هەرکاتێک پارەمان بۆ هات ئێمەش چەکەکان دابەشدەکەین، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئێمە گەنممان داوەتە حکوومەت، حکوومەتیش پابەندە بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانمان.