مێهرنیووز: ئەمریکا لە بارەی دانوستانەوە پەیامێکی بۆ تاران ناردووە
بەرپرسانی ئێران: دەرچوون لە باسی ئەتۆمی، کشانەوەیە لە دانوستان
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەلایەن ئەمریکاوە پەیامێکیان لە بارەی رەوتی نوێی دانوستانی جنێڤ پێگەیشتووە، لە بەرانبەردا تاران دوو مەرجی بۆ دانوستان داناوە و ئاماژەیداوە، دەرچوون لەو چوارچێوەیە، بە مانای کشانەوە لە دانوستان دێت.
مێهرنیووزی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە 17ی شوابتی 2026، لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردووەتەوە، بۆ چوونە نێو دانوستان، ئەمریکا پەیامێکی بە ئێرانداوە و تێیدا هاتووە "دانوستان تەنیا لە چوارچێوەی دۆسیەی ئەتۆمیدا سنووردار دەبێت".
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، تاران دوو مەرجی بۆ بەشداربوون لە دانوستانەکان داناوە، کە بریتین لە قبووڵکردنی پیتاندن و چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی.
هەروەها بڵاویکردووەتەوە، کۆماری ئیسلامی راگەیاندووە، بەگوێرەی ئەو پەیامەی لە ئەمریکاوە پێیانگەیشتووە، باس و پرسی هەرێمی یان بەرنامەی مووشەکی لە دانوستانەکان، بە مانای دەرچوون لە رەوتی دیپلۆماسی و کشانەوە لە دانوستان دێت، چونکە لە روانگەی تارانەوە ئامانجەکانی دانوستانەکان روونن، پاراستنی مافە ئەتۆمییەکان و هەڵگرتنی سزا سەپێدراوەکانە، لەگەڵ دەستگەیشتنی وڵات بە بەرژەوەندییەکانی.
گەیاندنی ئەو پەیامەی ئەمریکا بە ئێران، کە مێهرنیووز بڵاویکردووەتەوە، لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، هەر بە نێوەندگیری سەڵتەنەی عومان، گەڕێکی دیکەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ بەڕێوەبچێت.
لە بارەی دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئێرانییەکان لە دانوستاندا خراپن و بۆیە ناڕاستەوخۆ بەشداری دەبێت و چاودێری دانوستانەکانی ئەمرۆ دەکات.
هەروەها هۆشداریداوە لەوەی، ئەگەر ئێران رێک نەکەوێت، ئەنجامەکەی بۆیان زۆرخراپ دەبێت.