جووتیارانی کەرکووک هەڕەشەی مانگرتنی سەرتاسەریی و داخستنی شوێنە هەستیارەکان دەکەن
نوێنەری جووتیارانی کەرکووک رایگەیاند، بەهۆی خەرجنەکردنی پارەی گەنمی ساڵی 2025 تووشی مایەپووچبوون بوون و ئەگەر بەزوویی شایستە داراییەکانیان پێنەدرێت، پەنا بۆ مانگرتنی سەرتاسەری دەبەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، ساتع ناسح، بەناوی نوێنەرانی جووتیارانی کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "کاتی بەڵێن و چاوەڕوانی کۆتایی هات، ماوەی سێ مانگە لێرە وەستاوین و بەڵێنی فەرمیمان پێدرا، بەڵام بۆمان دەرکەوت ئەو بەڵێنانە تەنیا بۆ کات بەڕێکردن بوون".
نوێنەری جووتیارانی کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، بەرهەمی گەنمی ساڵی 2025 کە بە رەنج و ماندووبوونی جووتیاران بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بەرهەم هاتووە، تا ئێستا پارەکەی خەرج نەکراوە و لەنێوان وەزارەتەکاندا دەستاودەستی پێ دەکرێت.
گوتیشی: "دواکەوتنی پارەکە جێگەی نیگەرانییە، چونکە جووتیارانی کەرکووک بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیانەوە کەوتوونەتە ژێر باری قەرزی نووسینگەکانی فرۆشتنی پەینی کیمیایی و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان، بەجۆرێک خەریکە مایەپووچ دەبن و تەنانەت توانای دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان نەماوە".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، نوێنەرانی جووتیاران داواکارییەکانیان لە چوار خاڵدا خستەڕوو،
1- خەرجکردنی تەواوی شایستە داراییەکان بەبێ هیچ دواکەوتن و جیاکارییەک؛ ئێمە چاوەڕێی خشتەی دیاریکراو دەکەین نەک قسەی بێ کردار.
2- رەتکردنەوەی هەر بەڵێنێکی زارەکی؛ هەر دواکەوتنێکی دیکە بە هەوڵێکی ئەنقەست بۆ بڕینی بژێوی هەزاران خێزان دەزانین.
3- ئەم گردبوونەوەیە دوایین ئاگادارکردنەوەیە؛ ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا هەنگاوی کرداری نەبینین، ناچار دەبین پەنا ببەینە بەر مانگرتنی سەرتاسەری و داخستنی شوێنە هەستیارەکان.
4- بێدەنگبوون لە ئاست مافەکانمان بە وێرانکردنی کەرتی کشتوکاڵ لە پارێزگاکەمان دەزانین و ڕێگە بەم کارە نادەین.

