وەزارەتی كشتوكاڵ جوتیارە نموونەیەكەی ھەڵەبجە بانگێشت دەكات
بەدواداچوون بۆ كێشە و داخوازییەكانی ئازاد محەمەد دەكرێت

K24 – ھەولێر
دوای ئەوەی ئازاد محەمەد ناسراو بە "جوتیارە نموونەیەكەی ھەڵەبجە" رایگەیاند، بەھۆی رێزنەگرتن لە ماندوبوونی و ناوزڕاندنی چیتر رێنمایی و زانیاری لەبارەی كشتوكاڵ بڵاوناكاتەوە، وەزارەتی كشتوكاڵ بڕیاریدا بە فەرمی بەدواداچوون بۆ گلەییەكانی بكات و بانگێشتی وەزارەتی بكەن.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "بۆ مەبەستی رێزلێنان لە ماندوو بوون و لە نزیکەوە گوێگرتن لە داخوازی و کێشەکانی جوتیارە نموونەیەکەی هەڵەبجە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەڕێوەبەری راگەیاندن و نووسینگەی تایبەتی خۆی راسپارد کە پەیوەندی و بەدواداچوون بکەن. بۆ ئەم مەبەستە بە فەرمی بانگێشتی کاک ئازاد محەمەد جوتیارە نموونەیەکەی هەڵەبجە کراوە، کە راستەوخۆ لە دوای پشووی سەری ساڵ سەردانی وەزارەتمان بکات".
ئاماژە بەوەشكراوە: "بۆ پاڵپشتی زیاتری پرۆژەکانی ناوبراو و بەرهەمی خۆماڵی کشتوکاڵی کۆنفراسێکی رۆژنامەوانی رێکدەخرێت".
چەند رۆژێك لەمەوبەر، دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە، گوایە "جوتیارە نموونەیەكە ھەناری خراپی رەوانەی دەرەوە کردووە و ناوبانگی ھەناری ھەڵەبجەی شێواندووە"، ئەمەش ئازاد محەمەد-ی نیگەران كردووە، لەوبارەوە بە كوردستان24ی گوت: "ئه‌مه‌م پێناحۆشبووه، ژماره‌یه‌ك هه‌ناری خراپیان به ناوی منه‌وه باس كردووه، كه هه‌ناری جوتیاره‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یه، هه‌ر كه‌سێك، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك هه‌ناری منی كڕیوه، با بێت بڵێت ئه‌وه هه‌ناری ئازاد بووه، "كاك حاجی"یه‌ك هه‌بوو له به‌ریتانیا، مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵی كرد، (18) ملیۆن دینارم لێی وه‌رگرتبوو، هه‌نار بباته به‌ریتانیا، نه‌یتوانی بیبات، پاره‌كه‌م داوه‌ته‌وه".