وشکەساڵی کشتوکاڵی زیقاری پەکخستووە
شەش ساڵە بێبارانی زەوییەکانی پارێزگای زیقاری بێبەرهەم کردووە، جووتیارەکانیش بێ ئومێد بوون لەوەی حکوومەت کارێکیان بۆ بکات یاخود لە پارێزگاکانی دیکەوە ئاویان بۆ بەربدرێتەوە.
لەسەر زەویەکی لەناوچوو، ئەبو عەبدوڵڵا بیر لەو بەرهەمانەی دەکاتەوە کە لەسەر زەویەکەی دەیچاندن و لەناوچوون، دوای ئەوەی بەهۆی بێ بارانی و وشکەساڵیەوە زەویەکەی بێ بەرهەم بووە. لێرە کشتوکاڵ پەکی کەوتووە، کەرەستە کشتوکاڵیەکانیش کە سەردەمانێک سەرچاوەی رۆزی دەیان خێزان بوون فڕێدراون، ئەمەش گەواهیدەرە بۆ کێشەی جووتیاران، کە بێ بارانی سەرچاوەی داهاتی لێسەندوونەتەوە.
ئەبو عەبدوڵڵا، جووتیار بەکوردستان24ـی گوت: ئەم زستانە یەک جار باران باری، سەرەتا کە بارانەکە هات دڵخۆشبووین و دەستمان کرد بە ئامادەکاری بۆ وەرزی چاندن، بەڵام دواتر باران نەباری، مانگ و نیوێکە زەوییەکانمان بەهۆی بێئاوییەوە سووتاون، داوامان لە حکوومەت کرد پلانی داچاندنمان پێبدات، بەڵام ئەوانیش هیچیان نەکرد، تەنانەت ئاویشمان بۆ بەرنادەنەوە، لێرە هەتاو چاو دەبینێت بووەتە وشکایی، ئامێر و تراکتۆرەکانمان لەسەر زەوییەکان فڕێدراون. ماوەی شەش ساڵە ئەمە دۆخی کشتوکاڵە لەم سنوورەی ئێمە.
لای خۆیەوە حکوومەتی خۆجێی زیقار باس لەوەدەکات، بێبارانی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریان لەسەر کشتوکاڵ هەبوو، رووبەری چاندن کەم بووەتەوە،تەنانەت کاریگەری نەرێنی لەسەر قوت و ژیانی جووتیارەکان دروستکردووە.
ئەحمەد سەلیم، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار دەڵێت: حکوومەتی خۆجێی بڕیارێکی دەرکردووە بەوەی هەموو سەرچاوەکانی ئاو لە پارێزگاکە ئاوی خواردنەوەیان تێدایە و بۆ کشتوکاڵ دەستنادەن، دەمانەوێت هاوکاری برا جووتیارەکانمان بکەین بە بەردانەوەی ئاو لە پارێزگای واستەوە بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکمان لەو پارێزگایەوە پێنەگەیشتووە.