مەزڵووم عەبدی: لێبوردنی گشتی بۆ زیندانییەکان دەردەکەین
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' رایگەیاند، لێبوردنی گشتی بۆ زیندانییەکان دەردەکەین، گوتیشی، ئەوانەی لە شەڕەکانی ئەم دواییەش دەستگیرکراون ئازاد دەکرێن.
لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری و بەرفراواندا لە شاری حەسەکە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە'، پەیامێکی دڵنیایی و ئومێدبەخشی ئاراستەی خەڵکی ناوچەکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە قۆناغی شەڕ کۆتایی هاتووە و ئێستا کاتی چەسپاندنی سەقامگیری و پێکەوەژیانە.
مەزڵووم عەبدی لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە بە دروشمی "پێکەوە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکەمان" بەڕێوەچوو، رایگەیاند، رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم وەک نەخشەڕێگایەک کارا کراوە، مژدەی ئەوەی دا کە رێککەوتن کراوە هێزەکانی سووریای دیموکرات لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدا رێکبخرێنەوە و پارێزگاری لە تەواوی ئەو شەڕڤان و فەرماندانە بکرێت کە بەرگرییان لە خاک کردووە و ئەزموونیان هەیە لە شەڕی دژ بە تیرۆر.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی، عەبدی دڵنیایی دا کە پێکهاتەی ئەمنی و هێزەکانی ئاسایش وەک خۆیان دەمێننەوە و لەژێر چەتری "وەزارەتی ناوخۆ"دا درێژە بە ئەرکەکانیان دەدەن بۆ پاراستنی سەقامگیریی شارەکان، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکان دەستیپێکردووە و کارمەندان و بەرپرسانی ئێستا لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و دەبنە بەشێک لە هەیکەلی نوێی ئیداری.
فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاشکرای کرد کە لە شاری میونشن کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی و بەرفراوانیان لەگەڵ وەزیری دەرەوە و بەرپرسی هەواڵگری حکوومەتی سووریا ئەنجامداوە، تێیدا هەردوولا لەسەر خێراکردنی هەنگاوەکانی یەکگرتنەوە و بنیاتنانەوەی متمانە رێککەوتوون، بە چاودێری و پشتیوانی وڵاتانی نێودەوڵەتی کە گەرەنتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەن.
خاڵێکی دیکەی گرنگی قسەکانی، جەختکردنەوە بوو لەسەر پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان، مەزڵووم عەبدی روونیکردەوە، بەپێی رێککەوتنەکان، ناوچە کوردییەکان لەلایەن رۆڵەکانی خۆیانەوە بەڕێوەدەبرێن و مافە کولتووری و ئیدارییەکانیان پارێزراو دەبێت، ئەمەش لە چوارچێوەی سیستەمێکی هاوبەشدا کە مافی هەموو پێکهاتەکانی دیکەی عەرەب و سریانی و ئەوانی تریش دەپارێزێت.
مەزڵووم عەبدی داوای لە هەموو لایەک کرد کە رووبەڕووی وتاری رق و کینە و فتنیە ببنەوە، دڵنیاییشی دا، داهاتووی ناوچەکە بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیریی هەمیشەیی دەڕوات و رێگە بە هیچ هەوڵێک نادرێت کە ئاشتی کۆمەڵایەتی تێک بدات.