شاخەوان عەبدوڵڵا: وەرگرتنەوەی پۆستی سوپاسالاری عێراق لە کورد سەرەتایەکی زۆر خراپە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان کردی پێچەوانەی دەستوورە بەگوێرەی ماددەی 36، هەروەها عورفێکی ناشیرینە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەرگرتنەوەی پۆستی سوپاسالاری عێراق لە کورد سەرەتایەکی زۆر خراپە و لە داهاتوو بەیاننامەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڵاودەکەینەوە و ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان کردی پێشێلی دەستوورە.

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشتی: ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان کردی پێچەوانەی دەستوورە بەگوێرەی ماددەی 36، هەروەها عورفێکی ناشیرینە بەبێ کورد کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە بیانەوێت بابەتەکان تێپەڕێنن بەبێ رەزامەندی جێگیری سەرۆکی پەرلەمانیش، هەروەها ئەمە یەکەین حاڵەت نییە، بەڵکوو پێشتریش حاڵەتی بەمشێوەیە هەبوون، دەبێت سنوورێک بۆ ئەم حاڵەتانە دابنرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە دا، بابەتەکە پەیوەندی بە مافی کوردەوە هەیە، چونکە حەوت دامەزراوە هەن، پۆستەکانیان هاوشێوەی وەزیرە، بەڵام هیچیان کوردنین.