عراقچی: گەڕی ئەم جارەی دانوستان بەراورد بە گەڕی پێشوو پڕ بوو لە پێشهاتی ئەرێنی

عراقچی: لەگەڵ ئەمریکا گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن لەسەر بنەما سەرەکییەکان

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاشکرای کرد، لە دانوستانی ئەمڕۆمان لەگەڵ ئەمریکا، سەبارەت بە بنەما سەرەکییەکان گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن. جەختی لەوە کردەوە، بەراورد بە گەڕی پێشوو، پێشهاتی ئەرێنی لە دانوستانی ئەم جارە هەیە.

سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: سەبارەت بە بنەما سەرەکییەکان لەگەڵ ئەمریکا گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن".

 ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە، "لە گەڕی دووەم دانوستانی ئەم جارە لە جنێڤ بەراورد بە گەڕی پێشوو، گۆڕانکاری و پێشهاتی ئەرێنی هاتوونەتە ئاراوە".

نابراو ئەم جارەیان لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، "بەردەوامین لە گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم". 

ناوبراو جەختی کردەوە لەسەر سروشتی ئاشتییانەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و رەتیکردەوە وڵاتەکەی هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی یان بەدەستهێنانی بدات، بەو پێیەی "چەکی ئەتۆمی مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رۆژئاوا و رەوتی دانوستان، عراقچی ئاشکرای کرد، کە تاران بە نیازپاکییەوە پابەندی رێڕەوی دیپلۆماسی بووە، بەڵام "ڕەفتاری واشنتن لە رابردوودا پرۆسەی دانوستانی پەکخستووە و لاوازی کردووە".

 سەبارەت بە سزاکانیش، وەزیری دەرەوەی ئێران بە راشکاوی ڕایگەیاند، کە سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ سەر تاران "نایاسایین".

لەسەر ئاستی هونەریی دانوستانەکان، عراقچی ڕوونی کردەوە کە هێشتا وادەیەک بۆ گەڕی داهاتووی دانوستانەکان دیاریی نەکراوە، چونکە بەستنی گەڕی سێیەم چاوەڕێی ئاڵوگۆڕکردنی "وێنەیەک لە دەقەکانی رێککەوتنێکی ئەگەری" دەکات.

ناوبراو دانی بەوەدا نا کە هێشتا هەڵوێستی لایەنەکان پێویستی بە لێکنزیکبوونەوەی زیاتر هەیە، بەڵام گوتی: "لانی کەم ئێستا کۆمەڵێک بنەمای رێنماییکارمان لەبەردەستدایە". 

هەروەها ئاشکرای کرد کە ئەگەرچی نەخشەڕێگەکە لەگەڵ واشنتن بە شێوەیەکی تەواوەتی دیاریکراو نییە، "بەڵام ئێستا وێنەیەکی ڕوونترمان هەیە لەسەر ئەوەی چی دەبێت ئەنجام بدرێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عراقچی پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەمیرکا کرد و رایگەیاند: "دەبێت کۆتایییەکی دەستبەجێ و بێ مەرج بە ئەگەری بەکارهێنانی هێز لەلایەن ئەمریکاوە بهێنرێت". گوتیشی: ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک ئەگەر بکرێتە سەریان.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئێرنا) بڵاوی کردەوە، کە دانوستانی ئەم جارە لە جنێڤ جیددی بوو و تێیدا لەسەر بنەما سەرەکییەکان و هێڵە گشتییەکان رێککەوتن کراوە.

ئاژانسەکە رایگەیاندووە: "لە دانوستانی ئەمڕۆدا رێککەوتن کراوە لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکان، دوای راوێژکردن لەگەڵ وڵاتەکان (ئێران و ئەمریکا).