وەزارەتی ئەوقاف لە بارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی رەمەزان روونکردنەوە دەدات

لەکاتێکدا چاوەکان لەسەر ئاسۆی هەرێمی کوردستانن بۆ بینینی هیلالی مانگی ڕەمەزان، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بە پەلەی ئاراستەی هاووڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد. وەزارەت داوا دەکات تا دەرچوونی بڕیاری کۆتایی لیژنەی باڵا، هیچ هەواڵێک بڵاو نەکرێتەوە و ڕێگە نەدرێت بە دروستبوونی شێواوی لە ڕای گشتیدا.

سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی کورت و خێرادا کە ئاراستەی رای گشتیی کردووە، داوای دانبەخۆداگرتن دەکات سەبارەت بە دیاریکردنی یەکەمین ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سەبارەت بە دیاریکردنی یەکەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، داواکارین لە سەرجەم لایەک چاوەڕێی بڕیاری فەرمیی لیژنەی باڵای بینینی مانگ بن لە هەرێمی کوردستان".

لیژنەکە جەختی کردووەتەوە کە پرۆسەی چاودێریکردنی مانگ بەپێی رێکارە شەرعی و زانستییەکان بەڕێوە دەچێت و پێویستە میدیاکان و هاووڵاتییان "پەلە نەکەن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست و بێبنەما"، تاوەکو ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە دەردەچێت.

ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە کە ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزان، دەنگۆی جیاواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبێتەوە، بۆیە وەزارەتی ئەوقاف دەیەوێت بەم هەنگاوە دڵنیایی بدات کە تاکە سەرچاوەی متمانەپێکراو بۆ دیاریکردنی بۆنە ئایینییەکان، تەنها بڕیارە فەرمییەکانی دامەزراوە ئایینییەکانی هەرێمی کوردستانە