جەی دی ڤانس: ئێران ئامادە نییە دان بە هێڵە سوورەکانی ترەمپدا بنێت

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی واشنتن ڕێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و جەختی کردەوە کە بۆ ئەم مەبەستە هەموو بژاردەکان لەسەر مێزی ترەمپن.

سێشەممە 17ـی شوباتی 2026، جەی دی ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی ئەمریکا بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێت، چ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بێت یان هەر بژاردەیەکی دیکە، بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی ئێرانییەکان چەکی ئەتۆمییان نابێت. گوتیشی: "ئەمە هەمیشە سەرنجی سەرەکی کارەکانمان بووە."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا لە مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، زۆرێک لە ڕژێمەکانی دیکە هەندێکیان دۆستن و هەندێکیان نا، هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن، ئەمەش کارەسات دەبێت بۆ گەلی ئەمریکا چونکە ئەو کاتە هەندێک لە وڵاتان لە هەموو جیهاندا مەترسیدارترین چەکیان لەبەردەست دەبێت."

سەبارەت بە دانوستانەکان، ڤانس ئاشکرای کرد کە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر قسەی کردووە دەربارەی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان و ئاماژەی دا، "ئەمریکا هێڵی سووری دیاریکراوی هەیە. هەرچەندە حەز دەکەین ئەم کێشەیە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو بژاردەکانی لەبەردەستە."

ڤانس ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە دانوستانەکان لە هەندێک لایەنەوە باش بوون و بڕیاردراوە دانیشتنی دیکە ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێران هێشتا ئامادە نییە دان بەو هێڵە سوورانەدا بنێت کە سەرۆکی ئەمریکا دیاریی کردوون، بۆیە مافی خۆیەتی بڕیار بدات کەی کاتی دیپلۆماسی کۆتایی دێت.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوە چوون.