داڕمانی شاخ رێگەی سۆران-چۆمانی داخست و تیمەکان لە هەوڵی کردنەوەیدان

بەهۆی داڕمانی شاخ لەسەر رێگەی سۆران_چۆمان رێگەکە بە تەواوی داخراو و تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە سۆران رایگەیاند: لە کاتژمێر پێنجی ئێوارە بەهۆی داڕمانی شاخ رێگەی چۆمان_سۆران داخراوە، داڕمانی شاخەکە لە بەرزی 200 مەتر بووە، بەهۆیەوە رێگەکە بە تەواوی پەکی بکەوێت و بەهۆی بارینی بەفر و بارانی زۆری ئەمساڵ داڕمانی شاخ زۆربووە.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند: ساڵی رابردوو وشکە ساڵی بوو، بەڵام ئەمساڵ بارانێکی زۆر باریوە، بۆیە رووداوی داڕمانی شاخ زۆربووە و پێشبینی دەکرێت زیاتریش بن، بۆیە داوا لە شۆفێران دەکەین تاوەکو بەیانی ئارام بگرن و رێگەکە پاکبکرێتەوە مەترسی داڕمانی زیاتری شاخ هەیە بۆیە تیمەکان بە هەستیارییەوە مامەڵە دەکەن.