ئەمڕۆ كۆمیسیۆنی ئاشتی پەرلەمانی توركیا كۆدەبێتەوە

بڕیارە دەنگ لەسەر راپۆرتی كۆتایی كۆمیسیۆنەكە بدرێت

کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا (کۆمیسیۆنی ئاشتی)، بڕیارە کاتژمێر 11:00 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی شوباتی 2026، بە سەرپەرشتی نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆببێتەوە. 

بەگوێرەی ئەو کارنامەیەی کۆمیسیۆنەکە لە بارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، ئەمە حەوتەم کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەیە گفتوگۆ لەسەر راپۆرتەکە دەکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر راپۆرتی کۆتایی نوێنەرانی ئاک پارتی، دەم پارتی، جەهەپە، مەهەپە و رێگەی نوێ دەکرێت و دەنگ لەسەر راپۆرتی کۆتایی دەدرێت؛ بە پەسندکردنی کۆتا راپۆرتی کۆمیسیۆنی  دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا پێ دەنێتە قۆناخێکی دیکە.

کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی کە لە ئابی 2025 دا بە بەشداری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیا پێکهێنرا، هەرچەندە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ساڵ تەمەنی کۆمیسیۆنەکە کۆتاییهات، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی کاروچالاکییەکانی تەمەنی کۆمیسیۆ بۆ دوو مانگی دیکە درێژکرایەوە بۆ ئەوەی کارەکانی تەواو بکات.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، دەم پارتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆمیسیۆن هەوڵدەدات مافی هیوا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان مسۆگەر بکات، هەربۆیە گومان دەکرێت ئەم هەوڵە ببێتە هۆکارێک تا بەشێک لەلایەنەکان دەنگ بە راپۆرتەکە نەدەن. بەپێی یاسای سزادانی تورکیا، مافی هیوا تایبەتە بەو کەسەی بەئەنجامدانی تاوانی قورس سزادراوە، بەڵام دوای بەسەربردنی زیاتر لە 25 ساڵ زیندانی، مافی هیوای پێدەدرێت، بۆ ئەوەی چاکسازی لەخۆی و ئەو تاوانانەیدا بکات، کە پێشتر ئەنجامیداوە.

دوایین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە شاندی دەم پارتی کە بە شاندی ئیمراڵی ناسراوە و لە هەر یەک لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و ئۆزگور فایق ئێرۆڵ پێکهاتبوون، سەردانی زیندانی ئیمراڵیان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبوونەوە؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای دەم پارتی بڕیارە شاندەکە بە راگەیەندراوێک ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوبکەنەوە.