سەردانەکەی شاندی حکوومەت بۆ بەغدا دواخرا
سەردانەکەی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی، لە میانەی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی 73 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان؛ بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند؛ بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای حکوومەت بە مەبەستی چارەسەرکردنی چەند پرسێکی هەڵپەسێردراو سەردانی بەغدا بکات.
رێباز حەملان روونیکردەوە، بڕیار بوو ئەم هەفتەیە سەردانەکە بکرێت، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە. سەبارەت بە ئەندامانی شاندەکەش، تەنیا ئاماژەی بەوە دا "شاندێکی باڵایە".
وەک ئەوەی یاریدەدەری سەرۆکوەزیران باسی کرد، ئامانجی سەردانی شاندەکە، پاکتاوکردنی داهات و خەرجییەکان (خیتام حیساب)ـی سێ ساڵی رابردووی نێوان هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانە.
ئاشکراشی کرد، کۆمەڵێک بابەت گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، گرنگترینیان:
1. سیستەمی ئەسیکۆدا.
2. بودجەی ساڵی 2026ـی عێراق.
3. چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی تا ئێستا هەڵپەسێردراون.