پڕۆژەی رووناکی: درێژایی ماوەی پسوولە هیچ کارییگەرییەکی لەسەر نرخ نییە
تیمی پڕۆژەی رووناکی لە روونکردنەوەیەکدا کە کۆپیەکی بۆ کوردستان24 نێردراوە، بە چەند خاڵێک شێوازی هەژمارکردنی پارەی کارەبای 24 کاژمێری لە لایەنی نرخ، ماوەی پسوولە و سوودمەندبوون لە ئۆفەری داشکانی %20 دەخاتەڕوو.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، درێژایی ماوەی پسوولەی کارەبا هیچ کارییگەرییەکی لەسەر نرخی بەکارهێنانی کارەبا نییە، چونکە درێژایی ماوەی پسوولەی کارەبا دەکرێت بەهۆی چەند هۆکارێکەوە جیاواز بێت، بەڵام ئەمە نابێتە هۆکاری هیچ نیگەرانییەک و بە درێژایی کات ماوەی پسوولەی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە بۆ نزیکەی 30 رۆژ.
لە بارەی بەکارهێنانی کارەبای 24 کاتژمێری و نرخی بەکارهێنان، نموونەی خێزانێکی چوار کەسی هێناوەتەوە و ئاماژەیداوە، ئەگەر ئەو خێزانە 600 کیلۆوات کاتژمێر لە 30 رۆژدا بەکاربهێنن، تێچووی کارەبای 30 رۆژەکەیان بەمشێوەیە دەبێت:
400 کیلۆوات کاتژمێری یەکەم بەبڕی 72 دینار هەژمار دەکرێت
بۆ 200 کیلۆوات کاتژمێری دووەم بڕی 108 دینار هەژمار دەکرێت
بەمەش تێچووی گشتی دەکاتە 50 هەزار دیناری عێراقی، ئەمە ئەگەر ماوەی پسوولەکە 30 رۆژ بێت، بەڵام ئەگەر ماوەی پسوولەی کارەباکە 45 رۆژ بوو، ئەوە ماوەکەی یەکسانە بە یەک هێندە و نیوی 30 رۆژەکە ، ئەوا ئاستی یەکەم دەبیتە 600 کیلۆوات کاتژمێر لە جیاتی 400 کە ئەویش هاوتایە بەیەک هێندە و نیو.
هەژمارکردنی نرخی تێچووی پسوولەی 45 رۆژە بەمشێوەیە دەبێت:
600 کیلۆوات کاتژمێری یەکەم بەبڕی 72 دینار هەژمار دەکرێت، کە کۆی گشتیی تێچووی کارەبا دەبێتە 43 هەزار دینار، ئەمەش دەریدەخات، ئەگەر خێزانێک هەمان بڕی کارەبا بەکاربهێنێت لە ماوەیەکی درێژتر، ئەوا نرخی پسوولەکەی کەمتر دەکات، لەبەر ئەوەی تێکڕای بەکارهێنانی رۆژانەی کەمترە.
هەر لەو خاڵانەی روونکراوەتەوە، هەژمارکردنی پسوولەی کارەبا رۆژانە نییە، بەڵکو پشت بە درێژایی ماوەی پسوولەکە دەبەستێت.
بۆ ئەمەش نموونەیەکی هێناوەتەوە و روونیکردووەتەوە، ئەگەر ماوەی پسوولەکە 30 رۆژ بێت و کۆی گشتیی بەکارهێنانی کارەبا 200 کیلۆوات کاتژمێر بوو لەو 30 رۆژەدا، ئەوا بەکارهێنانی 200 کیلۆوات کاتژمێر بۆ ماوەی رۆژێک یان 30 رۆژ هەمان پارە دەکات.
لە خاڵێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، پێش پڕۆژەی رووناکی، ئەگەر هەر ماڵێکی ئاسایی 4 ئەمپێر کارەبای لە مۆلیدەی گەڕەکەکان راکێشابێت، لە مانگێکی وەک مانگی یەکەمی ساڵ، تێچووی یەک ئەمپێر 20 هەزار دینار بوو، واتە تێچووی چوار ئەمپێر لە مانگێکدا 80 هەزار دینار بووە، جیا لە پارەی مۆلیدەی گەڕەک، تێچووی کارەبای نیشتمانی نزیکەی 20 هەزار دینار بوو، بەمەش کۆی گشتیی دەیکردە 100 هەزار دینار بۆ ماوەی 30 رۆژ، ئەمە جیا لەوەی ئەو کات بەشێک لە هاووڵاتیان نەوتیان بۆ گەرمکردنەوە دەکڕی. بۆیە ئەگەر بەراوردکارییەک لەنێوان تێچووی ئێستا و پێش پڕۆژەی رووناکی بکرێت، تازەترین پسوولەی رووناکی %50ـی هاوبەشانی ماڵان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 45 رۆژ کەمتر لە 73 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، واتە ماوەی پسوولەکە هێندە و نیوی ماوەی ئەو کاتە، لەگەڵ ئەمەشدا زۆربەی هاووڵاتیان پارەی کەمتریان بۆ گەراوەتەوە.
هەر لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، هاووڵاتیان جیا لەوەی پارەیەکی کەمتریان بۆ هاتووەتەوە، چەندین سوودی دیەکەشیان وەرگرتووە، لەوانە:
- کارەبایەکی بێسنوور
- بەردەوام و بێ پچڕان
- پاک و خاوێنی ژینگە
سەرەڕای ئەمەش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک پاڵپشتییەک و هاوکارییەک بۆ هاوبەشانی ماڵان، تا رێککەوتی 12ـی مانگی 3 هەر بڕە پارەیەک لە رێگەی سەکۆی "ئی-پسوولە"ـوە بدەن، جا پارەی پڕۆژەی رووناکی (کارەبای 24 کاتژمێری) بێت یان قەرزی کۆن، ئەوا لە 20% داشکان دەیگرێتەوە.