عەبدوڵڵا ئۆجەلان: کۆماری تورکیا بەبێ کورد دانەمەزراوە

عەبدوڵڵا ئۆجەلان: تەلارسازی بەبێ یاسا و پرەنسیپ نابێت

شاندی دەم پارتی ناوەرۆکی دوا پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی بڵاوکردەوە، کە 16 ئەم مانگە لە دیداری ئیمراڵی پێیداون و باس لە کۆتایی هێنان بە خەباتی بەرخودان و دەسپێکی پێکەوەژیانی ئاشتانە لە چوارچێوەی کۆماری تورکیا دەکات.

دیدارەکەی شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان لە ئیمراڵی نزیکەی 3:30 خولەکی خایاندووە و لە پەیامەکەدا، ئۆجەلان دەڵێت: پێویستە راپۆرتی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی پەرلەمانی تورکیا  لەگەڵ راستییە بنەڕەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا بگونجێت، بۆ ئەوەی لە داهاتووا خزمەتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی بکات.

ئاماژەیداوە، سیاسەتێک بە لۆژیکی 'پاکتاوکردن" بەردەەوام بێت، چارەسەر نییە، بەڵکو نیشانەی بێ چارەسەرییە، چونکە راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە بەردەوام خۆی هەڵدەسەنگێنێت و ستراتیژ و تاکتیکی خۆی دیاری دەکات، بۆیە ئەم کۆبوونەوەیە بە سەرەتای تێکەڵبوونی دیموکراسی دەبینم".

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا باس لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیا دەکات و دەڵێت " کۆماری تورکیا، لەسەر بنەمای یەکگرتوویی تورک و کورد بونیاد نراوە. هەرچەندە دواتر گۆڕا، بەڵام شوێنەواری ئەمە لە هەموو بەڵگەنامەکاندا هەر ماوە و دەبینرێن، کە ئەم کۆمارە بەبێ کورد دانەمەزراوە. ئەوانەشی نکۆڵی دەکەن، هەموو رۆژێک بە زمانێکی زبر و وێرانکەر قسە دەکەن، بەڵام لە هەوێن و بناخەی کۆماردا کورد هەیە". 

ئۆجەلان دەشڵێت: ئەو دەقە یاساییانەی دواتر کوردیان پەراوێز خست و کوردایەتی و زمانی کوردییان قەدەخە کرد، بەرخودانیان بەرهەم هێنا، بەڵام ئەو قۆناخەی ئێستا تێیداین، کۆتایی هێنانە بە نکۆڵی و بەرخودان، ئێمە دەمانەوێت گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین کە چۆن کۆدەبینەوە و بە ئاشتی پێکەوە دەژین."

گوتیشی: " کێشەی ناسنامە و هاووڵاتیبوون هەیە. هاووڵاتیبوون پەیوەندیی نێوان تاک و دەوڵەت دەردەبڕێت. هاووڵاتیبوون بریتییە لە دڵسۆزی بۆ دەوڵەت بەبێ گوێدانە نەتەوە، زمان، باوەڕ و چۆنێتی بیرکردنەوە، بۆ نموونە گرنگ نییە سۆسیالیست بێت یان سەرمایەدار، موسڵمان بێت یان مەسیحی، کورد بێت یان عەرەب. هەموویان دەتوانن ببنە هاووڵاتیی دەوڵەت، بەڵام پێویستە هەموو کەسێک بە ئازادی گوزارشت لە نەتەوە و ناسنامەی خۆی بکات".

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا داوای دامەزراوەی خۆجێی دەکات و دەڵێت "ئەوەی لەگەڵ روحی یەکگرتنی دیموکراتیکدا دەگونجێت، هەبوون و بەدامەزراوەییبوونی دیموکراسیی خۆجێییە، هەمان بیرۆکەمان بۆ سووریاش پێشنیازکردووە". 

پێشنیازەکەی زیاتر روونکردووەتەوە و دەڵێت "مەبەستم لە دیموکراسیی خۆجێیی ئەوەیە، دەکرێت شارێک یان گوندێک بێت، دەبێت مافی ئەوەیان هەبێت بە ئازادی رادەربڕین و مافی خۆبەڕێوەبەریان هەبێت. مەرجەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێیی دیارن، باس لە دەوڵەت یان هەرێمێکی جیا ناکەم. بەڵکو سیستەمێکی وەک 'پەیماننامەی ئەوروپی بۆ خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی' کە لەگەڵ راستییە کۆمەڵایەتییەکەی ئێمەدا بگونجێت، دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ ئێمە."