ڤاتیکان بەشداریی لە ئەنجوومەنە ئاشتییەکەی ترەمپ ناکات
لە کاتێکدا بڕیارە سبەی پێنجشەممە یەکەم کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی" بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ تاوتوێکردنی دۆخی غەززە لە واشنتن بەڕێوە بچێت، ڤاتیکان رەتی کردەوە بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە. ئەم بڕیارەی ڤاتیکان لە کاتێکدایە کە رەخنە نێودەوڵەتییەکان لەم ئەنجوومەنە زیادیان کردووە و پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە لاوازکردنی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.
کاردیناڵ پیترۆ پارۆلین، گەورە دیپلۆماتکاری ڤاتیکان، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: کە ڤاتیکان بەشداریی لە دەستپێشخەریی "ئەنجوومەنی ئاشتی" ناکات کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە راگەیەندراوە. ناوبراو جەختی کردەوە کە هەوڵەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا دەبێت لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوە ببرێن.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، یەکەم کۆبوونەوەی ئەم ئەنجوومەنە لە واشنتن بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەڕێوە بچێت. ئیتاڵیا و یەکێتیی ئەوروپا رایانگەیاندووە نوێنەرەکانیان تەنیا وەک 'چاودێر' بەشداریی دەکەن، بەو پێیەی بە فەرمی نەبوونەتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە.
پارۆلین سەبارەت بە هەڵوێستی ڤاتیکان گوتی: "ڤاتیکان بەهۆی سروشتی تایبەتی خۆیەوە، کە جیاوازە لە سروشتی وڵاتانی دیکە، بەشداری لە ئەنجوومەنی ئاشتی ناکات".
هەروەها گوتیشی: "یەکێک لە نیگەرانییەکانمان ئەوەیە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەبێت بەر لە هەموو شتێک نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەبەری قەیرانەکان بێت، ئەمەش خاڵێکە کە ئێمە پێداگریی لەسەر دەکەین".
پاپا لیۆی چواردەیەم، کە یەکەم پاپای ئەمریکییە لە مێژووی کڵێسای کاسۆلیکدا، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بانگهێشتنامەی بۆ پەیوەندیکردن بەم ئەنجوومەنەوە پێگەیشتبوو.
بە پێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، زۆرێک لە شارەزایانی یاسایی پێیان وایە سەرپەرشتیکردنی ئەنجوومەنێک لە لایەن ترەمپەوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خاکێکی دەرەکی، لە "کۆلۆنیالیزم" (داگیرکاری) دەچێت. هەروەها ئەنجوومەنەکە، کە مانگی رابردوو دامەزراوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە بەهۆی ئەوەی هیچ بەرپرسێکی فەڵەستینی لەخۆ ناگرێت.
هەندێک وڵات بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ بانگهێشتەکەی ترەمپ دەکەن، چونکە پسپۆڕان نیگەرانن لەوەی ئەم ئەنجوومەنە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان پەراوێز بخات. هاوکات هەندێک لە هاوپەیمانانی واشنتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندییان بە ئەنجوومەنەکەوە کردووە، لە کاتێکدا هاوپەیمانە رۆژئاواییەکان تا ئێستا لێی دوور کەوتوونەتەوە.
پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس) واژۆی لەسەر پەیماننامەی دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" کرد.
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: "ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، ئامانجمان کۆتاییهێنانە بەو ململانێیانەی کە هەندێکیان زیاتر لە 35 ساڵە بەردەوامن، هەروەها ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگی نوێ و چەسپاندنی سەقامگیری."
لە لایەکی دیکەوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی (ئیمارات، تورکیا، میسر، ئوردن، ئیندۆنیزیا، پاکستان، سعودیە و قەتەر) لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بڵاوی کردەوە، پێشوازییان لە بانگهێشتەکەی ترەمپ کرد بۆ پەیوەستبوون بە "ئەنجوومەنی ئاشتی".
دۆخی غەززە
ئاگربەستەکەی غەززە پێشێلکاریی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە و راپۆرتەکان باس لە کوژرانی سەدان فەڵەستینی و چوار سەربازی ئیسرائیلی دەکەن لەوەتەی ئاگربەستەکە لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووە دەستی پێکردووە.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 72 هەزار کەس و دروستبوونی قەیرانی برسێتی و ئاوارەبوونی ناوخۆیی بۆ تەواوی دانیشتووانی کەرتەکە.
ژمارەیەک لە پسپۆڕانی مافی مرۆڤ و توێژەران ئاماژە بەوە دەدەن کە هێرشەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە ئاستی "جینۆساید" (کۆمەڵکوژی)، ئەمەش لە لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە.
لە بەرانبەردا، ئیسرائیل کردارەکانی بە "بەرگری لەخۆکردن" وەسف دەکات و ئاماژە بە ئامارەکانی کوژرانی هەزار و 200 کەس و بەدیلگرتنی 250 کەس دەدات لە هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس لە کۆتاییەکانی 2023ـدا.