عێراق بە هاوكاریی سووریا دەستی بەسەر سەدان هەزار حەبی كەپتاگۆندا گرت
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییدا لە دەرەوەی سنوورەکان، دەستی بەسەر 400 هەزار حەبی هۆشبەردا گرت و دوو بازرگانی نێودەوڵەتیش دەستگیرکرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی هاوکارییە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی نێوان عێراق و کۆماری عەرەبی سووریا ئەنجامدراوە. لیژنەیەکی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی سووری، چوونەتە ناو خاکی سووریا و لە پارێزگای حومس ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە.
وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، دوو تۆمەتباری سەرەکی کە ئەندامی تۆڕێکی نێودەوڵەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرن، دەستگیرکران و دەستبەسەر 400 هەزار حەبی کاپتاگۆندا گیرا، کە ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی بە قاچاخ لە سنوورەکانەوە بپەڕێنرێنەوە.
وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژییەکی پێشوەختە دژی تۆڕەکانی قاچاخچێتی. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هاوکارییە ئاستی بەرزی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات نیشان دەدات بۆ بنبڕکردنی ئەم بەڵا مەترسیدارە و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون بۆ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەر شوێنێک بن، بە هاوکاریی وڵاتانی دۆست، لە پێناو پاراستنی نەوەکانی داهاتوو لە مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان."