بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی میسان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرد

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستگیرکردنی بەرپرسێکی لە کۆمپانیای نەوتی میسان راگەیاند؛ تۆمەتبارە بە گەندەڵکردنی پارەی گشتیی و ساختەکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی دەستەی دەستپاکی عێراق تیمێکی لێکۆڵینەوە لە فەرمانگەی میسان وردبینییان بۆ بەشی ژمێریاری کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی میسان کردووە. لە ئەنجامی بەدواداچوونەکاندا، سەرۆکی یەکێک لە بەشەکانی کۆمپانیاکە دەستگیرکرا کە تێوەگلاوە لە گەندەڵیکردن لە بڕی 162ملێۆن و 20 هەزار دیناری عێراقی. ئەو پارەیە تایبەت بووە بە خەرجی ناردنی کارمەندان بۆ کۆماری عەرەبی میسر، بەڵام تۆمەتبارەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریهێناوە.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکەی دەستپاکی دەستیان بەسەر سەرجەم بەڵگەنامە ئەسڵییەکانی خەرجکردن و ژمێریاریدا گرتووە. دەرکەوتووە، تۆمەتبارەکە هەستاوە بە لەناوبردنی گشت ئەو بەڵگەنامە پاڵپشتییانەی کە بۆ خەرجکردنی پارەکە پێویست بوون.

هەروەها تیمەکە پەردەیان لەسەر شێوازێکی دیکەی گەندەڵی لاداوه، ئەویش بەکارهێنانی ئەژماری پێشینەی کاتی بووە کە بۆ گەشتە دەرەکییەکان تەرخانکراوە، بەڵام تۆمەتبارەکە بۆ خەرجکردنی مووچەی ساختە بەکاریهێناوە، لەکاتێکدا ئەو ئەژمارە هیچ پەیوەندییەکی دارایی بە دابەشکردنی مووچەوە نەبووە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دادوەری دادگای نەزاهەی میسان، بەگوێرەی ماددەی 315 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە دزینی سامانی گشتیی و ماددەی 289 تایبەت بە ساختەکاری، بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ تۆمەتبارەکە دەرکردووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.