روانگەی عێراقی سەوز: هاوینی داهاتوو گەرمتر دەبێت لەساڵی رابردوو
روانگەی عێراقی سەوز لە راپۆرتێکی نوێدا هۆشداریی دەدات و رایدەگەیەنێت، هاوینی داهاتووی عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی دەردانی گازە گەرمەکان، گەرمتر و توندتر دەبێت لە ساڵانی رابردوو.
بەپێی داتاکانی سەکۆی جیهانی (Carbon Mapper)، تەنیا لە شاری بەغدا دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە 176.1 ملیۆن تۆن لە ساڵی 2021ـەوە بۆ زیاتر لە 313.7 ملیۆن تۆن لە ساڵی 2025 زیادیکردووە، ئەم زیادبوونە گەورەیە کە رێژەکەی دەگاتە 78%، بەمەش پایتەختەکەی عێراقی رووبەڕووی فشارێکی ژینگەیی و کەشوهەوایی مەترسیدار کردووەتەوە.
لە راپۆرتەکەی روانگە سێ کەرتی سەرەکی بەرپرسن لەم کارەساتە ژینگەییە،
1-کەرتی کارەبا، بە رێژەی 37.37% بەهۆی پشتبەستن بە سووتەمەنی فۆسیڵ.
2-کەرتی نەوت و گاز، بە رێژەی 35.83% بەهۆی پرۆسەکانی دەرهێنان و سووتاندنی گاز.
3- کەرتی گواستنەوە، بە رێژەی نزیکەی 12% بەهۆی زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل و کوالێتی نزمیان.
روانگەی عێراقی سەوز ئاماژە بەوە دەکات، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی گەرمییەکی سووتێنەر، ئەمەش مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی منداڵان و کەسانی بەتەمەن و دەبێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسە و جەڵتە.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، روانگە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بەپەلە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنی و باشترکردنی دۆخی وزە، ئەگەرنا بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق رووبەڕووی کارەساتی تەندروستی و ژینگەیی دەبنەوە کە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم دەبێت.