لە کاتی وازهێنان لە خواردنی سەوزە و میوە؛ چی بەسەر جەستەدا دێت؟

چەندین توێژینەوە و راپۆرتی پزیشکی ئاشکرایان کردووە، پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی کە سەوزە و میوەی کەم تیادا بێت، جەستە لەو توخمە خۆراکییە پێویستانە بێبەش دەکات کە بۆ هەرسکردن، بەهێزکردنی بەرگری و پاراستن لە نەخۆشییەکان گرنگن، ئەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاد دەکات.

ماڵپەڕی  "Very well Health" لەسەر بنەمای چەند توێژینەوەیەک، ئەو گۆڕانکارییانەی خستووەتە روو کە بەسەر جەستەدا دێن لەکاتی وازهێنان لە خواردنی سەوزە و میوە کە دیارترینیان بریتین لە:

1. کەمیی توخمە خۆراکییەکان
سەوزە و میوەکان سەرچاوەی سەرەکی ڤیتامین و کانزاکانن، وەک ڤیتامین "C" و ڤیتامین "E" و فۆلیک ئەسید و پۆتاسیۆم، کە پاڵپشتی کارە سەرەکییەکانی جەستە دەکەن. بەبێ ئەمانە، دابینکردنی پێویستی رۆژانەی جەستە کارێکی ئەستەم دەبێت.

2. تێکچوونی تەندروستی کۆئەندامی هەرس
ریشاڵەکان رۆڵێکی سەرەکی لە تەندروستی کۆئەندامی هەرسدا دەگێڕن و سەوزە و میوەکانیش سەرچاوەیەکی سروشتی ئەو ریشاڵانەن. کەمبوونەوەی ریشاڵ دەبێتە هۆی قەبزی، تێکچوونی جووڵەی ریخۆڵە، غازات و کەمبوونەوەی بەکتریا سوودبەخشەکانی ناو ریخۆڵە.

3. تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ
خواردنی سەوزە و میوە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشکەوە هەیە. پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم کە لە سەوزە و میوەکاندا هەن، یارمەتی رێکخستنی فشاری خوێن دەدەن، لەکاتێکدا ریشاڵەکان یارمەتیدەرن بۆ دابەزاندنی کۆلیستڕۆڵی خراپ، هەروەها دژە ئۆکسانەکان هەوکردن و فشاری ئۆکسانی کەمدەکەنەوە.

4. لاوازبوونی کۆنتڕۆڵی شەکرە لە خوێندا
سەوزە و میوەکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە سەقامگیرکردنی ئاستی شەکرە لە رێگەی خاوکردنەوەی پرۆسەی هەرس و مژینی گلوکۆز. ریشاڵەکانیان رێگری دەکەن لە بەرزبوونەوەی کتوپڕی شەکرە دوای نانخواردن. لەکاتی وازهێنان لە خواردنیان، گۆڕانکاریی توند لە ئاستی شەکرەدا روودەدات و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا رەنگە کەسەکە تووشی بەرگری ئەنسۆلین و نەخۆشی شەکرەی جۆری 2 ببێت.

5. لاوازبوونی سیستمی بەرگریی
ژمارەیەک لە رەگەزە خۆراکییە پێویستەکان بۆ بەرگری جەستە لەناو سەوزە و میوەکاندایە، وەک ڤیتامین "A" و "C" لەگەڵ دژە ئۆکسانەکان. کەمیی خواردنی ئەم رەگەزانە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای جەستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن و چاکبوونەوە لە نەخۆشی.

6. تێکچوونی تەندروستی پێست، قژ و چاوەکان
ئەو پێکهاتانەی لە سەوزە و میوەکاندا هەن پاڵپشتی تەندروستی پێست، بینین و گەشەی قژ دەکەن. ڤیتامین "A" یارمەتی بینین دەدات، لەکاتێکدا ڤیتامین "C" بنەمایە بۆ بەرهەمهێنانی کۆلاجێن کە بۆ پێست پێویستە. کەمیی ئەم پێکهاتانە دەبێتە هۆی وشکبوونەوە و کزبوونی پێست، درەنگ چاکبوونەوەی برینەکان، هەڵوەرینی قژ و کێشەی بینین.

هەروەها سەوزە و میوەکان پێکهاتەی پێویستبۆ کەمکردنەوەی هەوکردن، چاککردنەوەی ناوکە ترش (DNA) و پاراستنی خانەکان لە پیربوون دابین دەکەن.