خدر ئەلیاس؛ جەژنێک بۆ ئاشتەوایی و پاراستنی سروشت
بە دابونەریتی تایبەت و ئامادەکردنی "پێخوون"؛ ئێزدییەکان جەژنی خدر ئەلیاس پیرۆز دەکەن.
کوردانی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان و جیهان، بە ئەنجامدانی چەندین رێوڕەسمی ئایینی و کۆمەڵایەتیی تایبەت، پێشوازی لە جەژنی "خدر ئەلیاس" دەکەن.
ساڵانە هاوكات لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی خدر ئەلیاس، جموجۆڵێکی جیاواز دەکەوێتە گوندی خەتارە؛ لەم گوندەدا ئاشێکی کۆن هەیە تەمەنی لە 50 ساڵ زیاترە و خاوەنەکەی ساڵانە تەنیا بۆ ماوەیەک کار دەکات، ئامانجی سەرەکیی خزمەتکردنی هاووڵاتییانە لەم بۆنەیەدا.
بەپێی نەریتەکان، خەڵکی گوند پێش جەژن حەوت جۆر دانەوێڵەی جیاواز دەبەنە ئەو ئاشە بۆ هاڕین؛ لەم ئاردە تێکەڵە، خواردنێکی تایبەت بە ناوی "چەرخووس" یان "پێخوون" دروست دەکرێت و بە یەکێک لە هێما سەرەکییەکانی سفەی جەژنی خدر ئەلیاس دادەنرێت.
هاووڵاتییەک لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەمە دابونەریتێکی کۆنە و ساڵانە لەم کاتەدا دێینە ئێرە بۆ ئامادەکاری."
جەژنی خدر ئەلیاس یەکێکە لە جەژنە هەرە کۆنەکانی ئێزدییەکان؛ رێوڕەسمەکان بە سێ ڕۆژ رۆژووبوون دەست پێ دەکەن. لەم ڕۆژانەدا، باوەڕداران سەردانی مەزارگەی خدر ئەلیاس دەکەن و نزاو پاڕانەوە ئەنجام دەدەن.
مامۆستایەکی ئایینی ئێزدی ئاماژە بە تایبەتمەندیی ئەم جەژنە دەکات و دەڵێت: "ماوەی حەوت ڕۆژ هیچ شتێک لە ماڵەکاندا، وەک جلوبەرگ، نایەتە شۆردن؛ ئەمەش رێزێکە بۆ پیرۆزیی ڕۆژەکان."
لای ئێزدییەکان، خدر ئەلیاس بە جەژنی خۆشەویستی، لێبوردەیی و هاتنەدی ئاواتەکان (مراز) ناسراوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم جەژنە "قەدەغەبوونی قوربانیکردن و سەربڕینی ئاژەڵە" بە هەموو شێوەیەک، ئەم بڕیارە پەیوەندیی بە وەرزی زاوزێی ئاژەڵان و پاراستنی سروشتەوە هەیە.
خەڵکی خەتارە و ناوچەکانی دیکە بە خۆشییەوە جەژن دەگێڕن، بەڵام ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکاندا بە دڵێکی پڕ لە هیواوە دەڕواننە جەژن؛ ئەوان داواکارن و نزا دەکەن ئەمە دواین جەژنیان بێت لە ئاوارەییدا و ساڵی داهاتوو بتوانن لەسەر زێدی خۆیان لە شنگال رێوڕەسمەکان ئەنجام بدەن.