سەرەڕای قەیرانی دارایی کارکردن لە پڕۆژەکان بەردەوامه‌

كابینه‌ی نۆیه‌م (282) پڕۆژەی بە گوژمەی (182) ملیار دینار تەواوکردووه‌ و بە گوژمەی (288) ملیار دینار کار له‌سه‌ر (23) پڕۆژەی نوێی رێگەوبان دەکات

پڕۆژه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌
پڕۆژه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌

K24- هه‌ولێر:

سەرەرای قەیرانی دارایی، بەردەوامبوونی حکومەت لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، دەرخەری ئەو راستیەیە، کابینەی نۆیەم لە خزمەتکردنی ھاووڵاتیان ناوەستێنێت.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگه‌یاند، قەیرانێکی سەختی دارایی لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم دووچاری حكومەت بوویەوە و تائێستاش بەردەوامە، بەڵام حكومەت بودجەی پێویستی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دابینكرد و ئەوەی توانویانه‌ بۆ خزمەتكردنی ھاووڵاتیان له (2020) کردوویانه‌، بەڵام ھێشتا لە ئاست خواستی ئێمە نییە و بەردەوام دەبین.

ئەو بەڵێنەی كابينه‌ى نۆیه‌مى حکومەتی ھەرێم بە خەڵكی ھەرێمی کوردستان داوه‌، ئاستەنگی زۆری بۆ درووست بووه‌، بەڵام ھەر بەردەوامبوو لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی.

درووستکردنی شەقام و باڵەخانەی نیشتەجێبوون و رێگای دوو سایدی نێوان پارێزگاکان و نۆژەنکردنەوەی رێگاکان، سەرەڕاى قەیرانی دارایی له ساڵى (2020)دا به‌رده‌وام بووه.

وەزیری ئاوەدانکردنەوه‌، پڕۆژەیەکی گرنگ بەسەر ده‌کاتەوە، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی كانوونى دووه‌مى (2021) بکرێتەوە، ئاماژه‌ی كرد، "راستە ساڵێکی قورس بوو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەكان، بەڵام ساڵی (2021) ساڵێکی پڕ ئیش و کار دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتر".

دانا عه‌بدولكه‌ریم، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌ توانیویه‌تی تا راده‌یه‌ك پلانه‌كانی جێبه‌جێبكات، ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تای كۆرۆنا و دابه‌زینی ئاستی ئابووری حكومه‌تیش هۆكار بووه‌ بۆ مانه‌وه‌ی هه‌ندێك پڕۆژه‌، به‌ڵام نه‌مانهێشتووه‌ پڕۆژه‌كان بوه‌ستێت و كاركردن تێیدا به‌رده‌وام بووه‌، هه‌ر له ‌زاخۆوه‌ تا گه‌رمیان، حكومه‌ت له‌ پڕۆژه‌كانی به‌رده‌وامه‌، هه‌رچه‌نده‌ تموحمان زیاتر بووه‌، تا كاری زیاترمان بكردبایه‌".

ئەو گرفتانه‌ی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رووبه‌ڕووی بوویه‌وه‌، بێ وێنە بوو، لەگەڵ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووى قەیرانێكی قورسی دارايی و ڤایرۆسی کۆرۆنا بوویه‌وه‌، به‌ڵام پڕۆژە ستراتیژییەکانی له‌ بوارى رێگاوبان و نیشتەجێکردن بەردەوام بوون، بودجەی پێویست بۆ پڕۆژە گرنگەکان دابین کراوه‌.

زاهیر خه‌یلانی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: "كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه‌، تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان، هه‌رچه‌ند قه‌یرانی دارایی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و درووستكرنی رێگاوبانه‌كان به‌رده‌وامه‌، وه‌ك رێگای هه‌ولێر-دهۆك، كه‌ رێگایه‌كی ستراتیژییه‌، رێگای (150) مه‌تری له‌ هه‌ولێر، رێگای بابان (100) مه‌تری له‌ سلێمانی، رێگای كه‌لار- ده‌ربه‌ندیخان و رێگای هه‌ولێر- كۆیه‌، چه‌ندین رێگای دیكه‌ش، ئه‌و رێگایانه‌ی تێكچوون، حكومه‌ت به‌رده‌وام نۆژه‌نیان ده‌كاته‌وه‌".

ھەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەى نۆیه‌م، دەستبەجێ دەستكرا بە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامەکان و دروست کردنی رێگای نێوان شارەکان.

(42) ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی رێگاوبان لە قۆناغی یەکەمدا تەرخانکرا و (70) پڕۆژەی جۆراوجۆی رێگاوبانيش لەسەر ئاستی ھەرێم جێبەجێکران.

تەرخانکردنی بڕی (288) ملیار دینار بۆ (23) پڕۆژەی نوێی رێگاوبان و دوسایدی شارەکان، لەسەر ئاستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنيش تا ئێستا توانراوە (282) پڕۆژە بە گوژمەی زياتر له (182) ملیار دینار تەواو بکرێت.

نزیکەی (300) پڕۆژەی دیكه‌ش بەردەوامن لە جێبەجێکردن، (325) پڕۆژەی نوێ پلانی بۆ داندراوە، لە ساڵی (2021) ئەنجام بدرێت.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە داتا و ئامار و پڕۆژەی جۆراوجۆر دەیسەلمێنێت کابینەیەکی خزمەتگوزارە و بەردەوامیش دەبێت.

د.ی

Fly Erbil Advertisment