پێنج وڵات هێزی سەربازی رەوانەی غەززە دەکەن

فەرماندەی هێزی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە، وردەکاریی پێکهاتەی ئەو هێزەی ئاشکرا کرد کە بڕیارە ئاسایشی کەرتەکە بپارێزێت؛ هاوکات پێنج وڵات ئامادەیی خۆیان نیشانداوە هێزی سەربازی بۆ کەرتەکە بنێرن.

پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، لە میانەی کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی" لە واشنتن، جاسپەر جێفەرز، فەرماندەی هێزی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە رایگەیاند: کە پێنج وڵات بەڵێنی ناردنی هێزیان داوە بۆ بەشداریکردن لە "هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی  لە غەززە، کە ئەوانیش بریتین لە: (ئیندۆنیزیان، مەغریب، کازاخستان، کۆسۆڤۆ و ئەلبانیا).

لای خۆیەوە، پرابۆ سوبیانتۆ، سەرۆکی ئیندۆنیزیا گوتی: "بە 8000 سەرباز یان زیاتر بەشداری لە هێزی غەززەدا دەکەین."

هاوکات قاسم جۆمارت تۆکایێڤ، سەرۆکی کازاخستان و ناسر بوریتە، وەزیری دەرەوەی مەغریب، ئامادەیی وڵاتەکانیان بۆ ناردنی یەکەی سەربازی و پزیشکی و ئەفسەرانی پۆلیس بۆ کەرتی غەززە دووپات کردەوە.

نیکۆلای ملادینۆڤ، نوێنەری باڵای ئەنجوومەنی ئاشتی لە غەززە، رایگەیاند: کە 2000 هاووڵاتیی فەڵەستینی داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هێزی پۆلیسی کاتیی نوێوە بکەن، جەختیشی کردەوە کە "هیچ بژاردەیەک نییە جگە لە چەکدانانی سەرجەم گرووپ و لایەنەکان لە غەززە."

دۆناڵد ترەمپ لەم بارەیەوە گوتی: پێم وانییە پێویست بە ناردنی سەرباز بکات بۆ شەڕکردن لە غەززە، چونکە "غەززە چیتر کانگای توندڕەوی و تیرۆر نییە".

 ئاماژەی بەوەش دا کە میسر و ئوردن پاڵپشتی و مەشق بە هێزێکی فەلەستینیی جێمتمانە دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی کەرتەکە.

لە لایەکی دیکەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتڕاستی کردەوە کە "تورکیا بەشداریی لە هێزی ئەمنی بۆ غەززە دەکات".

 

ئەنجوومەنی ئاشتی

پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس) واژۆی لەسەر پەیماننامەی دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" کرد.

سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: "ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، ئامانجمان کۆتاییهێنانە بەو ململانێیانەی کە هەندێکیان زیاتر لە 35 ساڵە بەردەوامن، هەروەها ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگی نوێ و چەسپاندنی سەقامگیری."

لە لایەکی دیکەوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی (ئیمارات، تورکیا، میسر، ئوردن، ئیندۆنیزیا، پاکستان، سعودیە و قەتەر) لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بڵاوی کردەوە، پێشوازییان لە بانگهێشتەکەی ترەمپ کرد بۆ پەیوەستبوون بە "ئەنجوومەنی ئاشتی".