شێخ مۆفەق تاریف: حکوومەتی سووریا رێگەی گەڕانەوە بە ئاوارە درووزەکان نادات

دوای حەوت مانگ لە شەڕ و پێکدادانی خوێناوی لە نێوان پێکهاتەی درووزەکانی سووریا و هێزەکانی سەر بە حکوومەت، رێبەری رووحی دروزەکان لە ئیسرائیلەوە رایگەیاند، چارەنووسی کۆمەڵگەی درووزەکان لە ناوخۆی سووریا لە مەترسیدایە.

شێخ مۆفەق تاریف، رێبەری رووحی درووزەکان لە گوندی جولیس، کە سەر بە شارۆچکەی جەلیلە زێدی درووزەکانە لە ئیسرائیل قسەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنیس کردووە و دەڵێت "کۆمەڵگەی درووز لە سووریا لە ژێر گەماردۆدان و رێگە بە گەیاندنی هیچ هاوکارییەکی مرۆییان پێ نادرێت.

لە ژوورەکەی رێبەری رووحی درووزەکان، ئاڵای ئیسرائیل و دروز لە تەنیشت یەک بە دیوار هەڵواسراوە و بە هەردوو زمانی عیبری و عەرەبی دروشمی کۆتاییهێنان بە کوشتنی درووزەکانی سووریا نووسراوە.

شێخ مۆفەق تاریف دەڵێت "هێشتا زیاتر لە 120 هەزار هاووڵاتیی درووز لە ئاوارەییدان و ماڵ و زێدی خۆیان ئاوارە بوون، 38 داگیرکراوە و رێگەی گەڕانەوە بە دانیشتووانەکانیان نادرێت، جیا لەمانەش 300 هاووڵاتیی، کە لەنێویاندا ئافرەت و منداڵ هەن، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی سووریاوە بە دیلگیراون".

دەشڵێت: هەرچەندە لە تەممووزی ساڵی رابردوودا ئاگربەست کرا، بەڵام ئێستاش گەیشتن بە سویدە قورسە، نازانم بۆچ رێگەی گەڕانەوە بە گوندنشینەکانمان نادرێت، لەم زستانەدا لەو ناوچە سارد و سەختەدان.

لە بارەی بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەکانی پارێزگای سوەیدا، شێخ تاریف دەڵێت " درووزەکان پێویستیان بە هێزی ئەمنی حکوومەت نییە لە ناوچەکەدا، بەڵکو هێزێکی تۆکمەمان هەیە و توانای بەرگری و پاراستنی ناوچەکە دەکەن.

لەبارەی کارکردن و چالاکی درووزەکانی سووریا لە ئیسرائیل، شێخ مۆفەق تاریف دەڵێت؛ ئێمەش بیستوومانە و خۆزگە هەموو هاووڵاتییەکی سووری بیتوانیایە وەک کرێکاری رۆژانە بێت و لێرە بژێوی خۆی پەیدا بکات،چونکە دۆخی ئابووریی سووریا زۆر خراپە.

پێکهاتەی درووزەکان لە سووریا، ئیسرائیل، لوبنان و بەرزاییەکانی جۆلانی بەربڵاون، دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024دا، 

لە تەمموزی ساڵی رابردوودا، لە باشووری سووریا شەڕ و پێکدادان لەنێوان پێکدادان لەنێوان چەکدارانی درووز و هۆزە سوننە بەدەوییەکان روویدا، هەرچەندە بە بەشداری حکوومەتی ئێستای سووریا ئاگربەستی شەڕ کرا چاودێران و خەڵکی پارێزگای سوەیدا، حکوومەتی سووریا بە لایەنگیری بەدەوییەکان تۆمەتبار دەکەن. هاوکات سوپای ئیسرائیل لە کاتی توندوتیژییەکاندا چەندینجار بۆمبارانی سووریای کرد،ئەمەش وەک بەرگرییەک لە پێکهاتەی درووزەکان.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە شەڕی چەکداری نێوان درووزەکان و عەرەبە بەدەوییەکاندا زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژراون تۆمارکراون، لەنێویاندا 789 هاووڵاتیی مەدەنی درووزن و سوپا و هێزەکانی ناوخۆی سووریا بە کوشتنیان تۆمەتبارکراون.

هەروەها نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی کردووە، نزیکەی 187 هەزار کەس بەهۆی توندوتیژییەکانەوە ئاوارە بوون.