لەندەن داواکارییەکی سەربازیی واشنتن رەت دەکاتەوە
ستارمەر رێگریی لە ترەمپ دەکات بنکەکانی هێزی ئاسمانیی بەریتانیا بۆ لێدانی ئێران بەکار بهێنێت
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رێگریی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد کە بنکەکانی هێزی ئاسمانیی بەریتانیا بۆ لێدانی ئێران بەکار بهێنێت، لە کاتێکدا واشنتن گەورەترین کۆکردنەوەی سەربازیی لە ناوچەکەدا لەوەتەی ساڵی 2003ـەوە ئەنجام داوە.
هەینی، 20ـی شوباتی 2026، رۆژنامەی "تایمز"ـی بەریتانی، لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتەکەی ستارمەر هێشتا رەزامەندیی نەداوە بە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ئێران، ئەوەش بەهۆی ترسی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییەوە.
ئەمریکا لەم رۆژانەی دواییدا کۆمەڵێک کشتی جەنگی، کەشتی فڕۆکەهەڵگر، فڕۆکەی بۆمبهاوێژ و فڕۆکەی سووتەمەنیبەخشی مەودا درێژی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. ئەمەش بە گەورەترین کۆکردنەوەی سەربازیی ئەمریکی لە ناوچەکەدا دادەنرێت لەوەتەی ساڵی 2003ـەوە، کاتێک جەنگی دژی عێراقی دەست پێکرد.
وا چاوەڕوان دەکرێت هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بنکەی سەربازیی "دیگۆ گارسیا" لە دورگەکانی چاگۆس، کە هەرێمێکی بەریتانیی ئەودیو دەریاکانە و بەریتانیا پلانی هەیە دەستبەرداری بێت، بۆ وڵاتی مۆریشس لەگەڵ بنکە ئاسمانییە ئەوروپییەکان لە وڵاتانی هاوپەیمان بەکار بهێنێت.
پێدەچێت دوودڵیی شانشینی یەکگرتوو لە رێگەدان بە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکەکانی لەم وڵاتەدا، هۆکار بووبێت بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ رێککەوتنی چاگۆس بکشێنێتەوە کە ستارمەر ئەنجامی دابوو.
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نوسیبووی: "ئەگەر ئێران بڕیار بدات رێککەوتن ئەنجام نەدات، رەنگە بۆ ئەمریکا پێویست بێت بنکەی سەربازیی (دیگۆ گارسیا) و فڕۆکەخانەی فێرفۆرد بەکار بهێنێت بۆ لەناوبردنی هەر هێرشێکی ئەگەری.
سەرچاوە حکوومییەکان رایانگەیاندووە، کە بەریتانیا دوورە لە پشتیوانیی هەر هێرشێکی سەربازیی پێشوەختە بۆ سەر ئێران، ئەوەش دوای ئەوەی هاوینی رابردوو بە هەمان شێوە بەشداریکردنی لە هێرشی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران رەت کردەوە.
بە پێی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 2001 دەرچووە، بەریتانیا رەنگە بەرپرسیارێتیی هەر هێرشێکی نایاسایی بکەوێتە ئەستۆ کە ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەنجامی بدات، ئەگەر ئاگاداری بارودۆخی ئەو کارە نایاساییە نێودەوڵەتییە بێت.