مەرجەکانی حەماس بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: کە هەر رێکخستنێک لە کەرتی غەززە دەبێت بە "وەستانی تەواوەتی دەستدرێژییەکان"ـی ئیسرائیل دەست پێبکات، ئەمەش دوای رۆژێک لە بەستنی یەکەم کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی" کە سەرۆکی ئەمەریکا لە واشنتن پێکیهێنابوو.
هەینی، 20ـی شوباتی 2026، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "هەر رێڕەوێکی سیاسی یان رێکخستنێک کە سەبارەت بە کەرتی غەززە و ئاییندەی گەلە فەڵەستینییەکەمان تاوتوێ دەکرێت، دەبێت لە وەستانی تەواوەتی دەستدرێژی و لادانی گەمارۆ و مسۆگەرکردنی مافە نیشتمانییە رەواکانی گەلەکەمانەوە سەرچاوە بگرێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە مافی ئازادی و چارەی خۆنووسین".
حەماس دووپاتی کردەوە کە، "بەستنی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاشتی لە واشنتن، لە سایەی بەردەوامیی تاوانەکانی داگیرکاری و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی بۆ رێککەوتنی ئاگربەست، وا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە بەشداربووەکانی ئەنجوومەنەکە دەکات هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ پابەندکردنی داگیرکەر بە راگرتنی دەستدرێژییەکەی، کردنەوەی دەروازەکان، ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ کۆتوبەند و دەستکردنی دەستبەجێ بە ئاوەدانکردنەوە".
هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی"، رۆژی پێنجشەممە 19ـی شوباتی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر پێویستیی چەکدامەڵینی حەماس کردەوە پێش هەر ئاوەدانکردنەوەیەک.
ناوبراو لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، "لەگەڵ ئەمریکای هاوپەیمانمان رێککەوتووین کە هیچ ئاوەدانکردنەوەیەک نابێت پێش چەکدامەڵینی حەماس لە غەززە".
پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاشتی، لە واشنتن، بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوە چوو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندوو: کە ئیدارەکەی 10 ملیار دۆلار لە رێگەی ئەنجوومەنەکەوە پێشکەش بە غەززە دەکات.
هەروەها ئاشکرای کردبوو، کە 9 وڵاتی هاوپەیمان بەڵێنیان داوە بە بڕی 7 ملیار دۆلار بەشداری لە پاکێجی فریاگوزاریی غەززەدا بکەن.
بە پێی گوتەکانی ترەمپ، ئەو وڵاتانەی کە بەشدارییان لە کۆکردنەوەی ئەو 7 ملیار دۆلارەدا کردووە بریتین لە: (کازاخستان، ئازەربایجان، ئیمارات، مەغریب، بەحرەین، قەتەر، سعوودییە، ئۆزبەکستان و کوەیت). هەروەها رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دوو ملیار دۆلار کۆدەکاتەوە و فیفاش (FIFA) بە 75 ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژە وەرزشییەکان بەشداری دەکات، چین و رووسیاش رۆڵیان لە پرۆسەی بنیاتنانەوەدا دەبێت.