چۆن لە مانگی رەمەزاندا جەستەت بە شێداری دەهێڵیتەوە؟
مانگی رەمەزانی پیرۆز ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ رۆژووەوانان دروست دەکات، بە تایبەتی کاتێک کاتژمێرەکانی رۆژوو لە هەندێک ناوچەدا 16 کاتژمێر تێدەپەڕێنێت بە پێی جوگرافیای شوێنەکە، ئەمەش لەدەستدانی ئاوی جەستە زیاد دەکات و هەستی تینوێتی دوو هێندە لێ دەکات.
لەگەڵ درێژبوونەوەی ماوەی ڕۆژوو، جەستە هەوڵ دەدات کەمبوونی شلەمەنییەکان قەرەبوو بکاتەوە لە رێگەی کێشانی ئاو لە خوێن و خانەکانەوە، ئەمەش وادەکات پاراستنی شێداری ببێتە هکارێکی بنەڕەتی بۆ دوورکەوتنەوە لە ماندوێتی و بێهێزی.
هەڵبژاردنی خواردنەوەکان بە وردی
زۆرێک لە رۆژووەوانان پەنا بۆ هەندێک خواردنەوە دەبەن کە جگە لەوەی دەوڵەمەندن بە شەکر و کالۆری، وا دەکەن هەستی تێنوێت لە کاتی رۆژوودا زیاد بکات و دەبنە هۆی میزکردنی زۆر و بەشداری دەکەن لە زیادبوونی کێش.
بۆیە دەکرێت شەربەتی سروشتی بخورێتەوە، وەک؛ شەربەتی پرتەقاڵ، شەربەتی لیمۆ بە نەعنا و شەربەتی نەعنا بە زەنجەفیل.
ئەم شەربەتانە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و کانزاکان، و باشترە بڕەکەی لە یەک کوپ زیاتر نەبێت بۆ هەر ژەمێک. هەروەها خواردنەوەی کەرکەدێی خوسێندراو بە بەسوود دادەنرێت بۆ نەخۆشانی بەرزیی پەستانی خوێن و جەستە لە وشکبوونەوە دەپارێزێت و، هەر کوپێکی تەنیا ٢٥ کالۆری تێدایە.
خواردنەوەی ئاو بە هاوسەنگی
ئاو خواردنەوەی سەرەکییە و ناکرێت هیچ خواردنەوەیەکی دیکە جێگەی بگرێتەوە، و ئامۆژگاری دەکرێت رۆژانە نزیکەی دوو لیتر ئاو لە ماوەی جیاجیا لە نێوان بەربانگ و پارشێودا بخورێتەوە، نەک بە یەکجار. هەروەها باشترە:
-ئاو بە پلەی گەرمیی مامناوەند بخورێتەوە.
-دوورکەوتنەوە لە زیادەڕەوی لە ئاو خواردنەوە راستەوخۆ دوای بەربانگ بۆ رێگری لە تێکچوونی کۆئەندامی هەرس.
-دابەشکردنی بڕی ئاو بەسەر ماوەکانی نێوان بەربانگ و پارشێو.
رێکخستنی ژەمی پارشێو
دواخستنی پارشێو بۆ دوای نیوەشەو یارمەتیدەرە لە مانەوە بە چالاکی لە رۆژدا، و باشترە ژەمەکە:
-سووک بێت و دەوڵەمەند بێت بە پڕۆتین و کاربۆهیدرات.
-دەوڵەمەند بێت بە میوە و سەوزەی تازە کە پڕن لە ئاو و ڕیشاڵ، بۆ کەمکردنەوەی هەستی برسێتی و تینوێتی.
گرنگیدان بە میوە و سەوزە کە پڕن لە ئاو
ئەم خۆراکانە پۆتاسیۆمیان تێدایە کە هاوسەنگیی شلەمەنییەکان لە جەستەدا رادەگرێت، وەک:
-تەماتە و پەتاتە و فاسۆلیای سپی.
-مۆز و قەیسیی وشککراوە و خورما.
-خواردنی میوەی وەک شووتی، پرتەقاڵ و ترێ لە جیاتی شیرینییە پڕ شەکرەکان، سنوورێک بۆ زیادبوونی کێش و تینوێتیی دادەنێن
دوورکەوتنەوە لەو خۆراکانەی لەدەستدانی شلەمەنی زیاد دەکەن
-خوێ و خۆراکە سوێرەکان (وەک ترشیات)؛ پێویستیی جەستە بۆ ئاو زیاد دەکەن.
-بەهارات و خۆراکە توونەکان؛ جەستە هان دەدەن بۆ مژینی ئاو لە دەم و گەدە.
-کافایین؛ چا، قاوە و خواردنەوە گازییەکان لەدەستدانی شلەمەنی زیاد دەکەن.
ئامۆژگاریی زیادە بۆ شێدارکردنەوە و تەندروستی
-خواردنەوەی 8-12 کوپ ئاو لە نێوان بەربانگ و پارشێو.
-خواردنی خۆراکی شێدارکەرەوە وەک خەیار و شووتی.
-مانەوە لە شوێنی سارد و سێبەر لە ٤ۆژدا.
-کەمکردنەوەی چالاکیی جەستەییی سەخت پێش بەربانگ، و دواخستنی بۆ دوای بەربانگ ئەگەر کرا.
-خۆشۆردن بە ئاوی شلەتێن بۆ پاراستنی فێنکیی جەستە.