رەهێڵ مستەفا ڕۆمانی "کۆمیدیای نائومێدی" بڵاو کردەوە

رەهێڵ مستەفا، نووسەر و لێکۆڵەر، نوێترین رۆمانی خۆی لەژێر ناوی "کۆمیدیای نائومێدی"، کەلەلایەن ناوەندی ماڵی وەفایی چاپکراوە بڵاو کردەوە.

هەینی، 20ـی شوباتی2026، رەهێڵ مستەفا، نووسەر و لێکۆڵەر، دەربارەی بڵاوکردنەوەی رۆمانە نوێیەکەی، بە کوردستان24ی گوت: رۆمانی "کۆمیدیای نائومێدی"، چیرۆکێکە لە دوو کتێب پێک دێت، کتێبی یەکەم باس لە تاوانەکان - زەمەنی منداڵی دەکات و کتێبی دووەم باس لە گوناهەکان - هەرزەکاری دەکات، دەقەکە زۆر لایەن لە خۆدا هەڵدەگرێت و باسێکی رۆتینی رۆمانەکە دەکات، جیهانی گێڕانەوەی رۆمانەکەش "هەولێر"ە وەکوو خۆی.

رەهێڵ مستەفا گوتیشی: رۆمانەکە باس لە پیاوێکی بەساڵاچووی نەخۆش دەکات، کە لەڕێگەی پزیشکێکەوە ئاگادار دەکرێتەوە کەوا دوای ماوەیەکی کەم بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە دەمرێت، هەروەها پیاوە بەساڵاچووەکە، لەڕێگەی پڕۆفیسۆرێکەوە، کە ئامێرێکی دروست کردووە بۆ گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ زەمەنی رابردووی.

ئەو نووسەرە باسی لەوەش کرد، ئەو پیاوە پیرە نەخۆشە، کە کاتێکی کەمی ماوە لە ژیاندا، لەرێگەی ئامێرەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوو زەمەن، زەمەنی منداڵی کە مرۆڤ تێیدا تاوان ئەنجام دەدات وەکوو کوشتنی هەر شتێک، پاشان زەمەنی نەوجەوانی کە هەر کارێکی نابەجێ بە تاوان لەسەری هەژمار دەکرێت، هەروەها پیرە پیاو، لەڕێگەی سەفەری گەڕانەوەکانی بە ئامێرەکە، پشکداری دەکات لەوەی رێگری لە خودی خۆی بکات بە منداڵی تا تاوان ئەنجام نەدات و بە هەرزەکاریش تا گوناح ئەنجام نەدات.

دەربارەی فەلسەفەی ڕۆمانەکە، ڕەهێڵ مستەفا دەڵێت: تێزی ئەو ڕۆمانە فەلسەفەی ئەوەی هەڵگرتووە، کە هەموو کەسێک خۆزگە دەخوازێت بگەڕێتەوە بۆ منداڵی یان نەوجەوانی تا ئەو کارە نەشیاوانەی کردوونی ئەنجامیان نەدات.

رەهێڵ مستەفا، نووسەر و لێکۆڵەر، خەڵکی شاری سلێمانییە، خاوەنی چەندین کتێبە لە بواری رۆمان و چیرۆک دا و چەندین لێکۆڵینەوەی هەیە لە بوارە جیاوازەکانی زمان و ئەدەب دا.