چۆمان.. مینێک بە باوک و کوڕێکدا تەقییەوە؛ باوکەکە گیانی لەدەست دا

ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان لە سنووری قەزای چۆمان، مینێک بە باوک و کوڕێکدا تەقییەوە، بە هۆییەوە باوکەکە گیانی لەدەست دا و کوڕەکەشی بە سەختی بریندار بوو، تیمەکانی بەرگریی شارستانیش توانیان تەرمی باوکەکە بدۆزنەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 20ـی شوباتی 2026، لە کوێستانی کانی گۆڵینانی سەر بە گوندی ناوەندە لە سنووری قەزای چۆمان، رووداوێکی تەقینەوەی مین رووی دا.

نزار چەتۆ، ئەفسەری بەرگریی شارستانیی چۆمان بە کوردستان24ی راگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوتووە هاووڵاتییەک بە ناوی یادگار کەریم، تەمەن 46 ساڵ بەهۆی بەرکەوتنی مینەوە گیانی لەدەست داوە و کوڕەکەشی بەناوی محەممەد یادگار تەمەن 11 ساڵ بریندار بووە.

هاوکات ڕەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند، ئەو باوک و کوڕە بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان روویان لە ناوچەکە کردووە و دەستکاریی تەقەمەنییەکانیان کردووە، دوای تەقینەوەکە کوڕەکە خۆی گەیاندووەتە خوارەوە و هەواڵەکەی داوە بە تیمەکان.

ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە کێڵگەی مینە، مەترسی لەسەر کارمەندانیان هەبووە، بۆیە بە وریایی و بە هاوکاریی خەڵکی شارەزای ناوچەکە سێ تیم بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران و چۆمان بەدوای تەرمەکەدا گەڕاون و دواجار تەرمی باوکەکە دۆزراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، محەممەد جەبار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چۆمان بە کوردستان 24ی راگەیاند، دوای گەیاندنی محەممەد بۆ نەخۆشخانە و ئەنجامدانی چارەسەری سەرەتایی، بەهۆی ناجێگیریی دۆخی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی هەولێر کراوە.