لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان 38 کەس کوژران و بریندار بوون

(وێنە؛ شوێنی بە ئامانج گیراوی ئیسرائیل)
(وێنە؛ شوێنی بە ئامانج گیراوی ئیسرائیل)

میدیاکانی لوبنان رایانگەیاند، ئێوارەی رۆژی هەینی لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی بەعلبەک لە رۆژهەڵاتی لوبنان، 8 کەس کوژران و زیاتر لە 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان، لە نێو کوژراوەکاندا چوار فەرماندەی مەیدانی دیاری حزبوڵڵای لوبنان هەن، ئەوانیش؛ حوسێن مونیر بەرپرسی ناوچەی بێکای حزبوڵڵا، حسێن یاغی کوڕی محەممەد یاغی، پەرلەمانتاری پێشووی حزبوڵڵا، محەممەد ئیبراهیم موسەوی و عەلی زەید موسەوی، ەم دوو فەرماندەی کۆتایی لە کاتی هێرشەکەدا لەگەڵ حسێن یاغی لەناو شوقەیەکدا بوون لە شارۆچکەی عەلی نەهری. هاوکات باس لە کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای دیکە دەکرێت، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئایا سەر بە حزبوڵڵایە یان سوپای پاسدارانی ئێران.

بەهۆی ئەوەی هێرشەکان ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان کردووەتە ئامانج، زیانێکی زۆری ماددی بە باڵەخانەکان گەیشتووە. سەرچاوە مەیدانییەکان مەترسی ئەوەیان هەیە ژمارەی قوربانییەکان بەرزبێتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، نەخۆشخانەی ریاک لە ناوچەکە بانگەوازێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و داوای لە هاووڵاتیان کرد بە هەموو جۆرەکانی خوێنەوە سەردانیان بکەن بۆ رزگارکردنی بریندارەکان.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاری ئێستا لە شوێنی رووداوەکان خەریکی لابردنی پاشماوەی بینا رووخاوەکان و گەڕانن بەدوای بێسەروشوێنبوواندا. ئەمە لەکاتێکدایە کە چالاکییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان بەسەر ئاسمانی دۆڵی بێکا و ناوچەکانی دەوروبەری بە چڕی بەردەوامە.

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی هێرشەکانی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج بارەگاکانی فەرماندەیی حزبوڵڵا بوون لە بەعلبەک. ئیسرائیل دەڵێت ئەو ناوەندانە "بۆ پلاندانان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئیسرائیل" بەکارهێنراون.