ئەكسیۆس: ترەمپ ئامادەیە رێككەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ ئێران بكات

بەگوێرەی راپۆرتی میدیا جیهانییەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نەخشەڕێگایەکی نوێی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی و سیاسیی ئێران ئامادە کردووە.

ئاژانسی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ ئامادەیی نیشانداوە رێگە بە ئێران بدات بە شێوەیەکی رێژەیی و سنووردار پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجام بدات. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە دەرفەتێکی واشنتنە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی جەوهەری، بەو مەرجەی تاران بە تەواوی داواکارییەکانی ترەمپ رازی بێت. بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەم دەرفەتە کاتییە و ئەگەر ئێران بەدەنگ رەزامەندییەوە نەیەت، ئەوا دەرفەتەکە لەسەر مێز نامێنێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاماژە بەوە کراوە، هەر رێککەوتنێک لە نێوان تاران و واشنتن واژۆ بکرێت، پێویستە لەژێر رۆشنایی رەزامەندی وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیلدا بێت، بۆ ئەوەی گرەنتی سەقامگیری ناوچەکە بکات و نیگەرانییەکانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بڕەوێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە لایەنێکی دیکەی پلانەکانی ئیدارەی داهاتووی ترەمپی ئاشکرا کردووە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەگەر ترەمپ فەرمان بدات، پلان هەیە بۆ بە ئامانجگرتنی چەند کەسایەتییەکی باڵا لە نێو حکومەتی ئێران یان تەنانەت هەوڵدان بۆ گۆڕینی رژێمی ئەو وڵاتە.

بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، جێبەجێکردنی بژاردەی بە ئامانجگرتنی کەسایەتییە کاریگەرەکانی نێو دەسەڵاتی ئێران، پێویستی بە هەماهەنگی و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگریی زیاتر و وردتر هەیە، تاوەکو واشنتن بتوانێت بە وردی هەنگاوەکانی تاران و جووڵەی سەرکردەکانیان بخوێنێتەوە.

ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسی و سەربازییانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، جیهان چاوەڕوانی دەستبەکاربوونی فەرمیی ترەمپ دەکات بۆ بینینی ئاراستەی کۆتایی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران.