کۆشکی سپی: بڕیاری سەپاندنی باج لە 24ـی شوباتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو باجە نوێیەی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە سەپێنراوە، لە 24ـی شوباتەوە کاری پێدەکرێت و بۆ ماوەی 150 رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی شوباتی 2026، کۆشکی سپی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ئەو فەرمانەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ ماوەی 150 رۆژ، باجی هاوردەکردن بە رێژەی 10% بەسەر ئەو کاڵایانە دەسەپێندرێت کە هاوردە دەکرێن بۆ ئەمریکا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو باجە کاتییانە لە 24ـی شوبات دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، فەرمانی جێبەجێکردنی واژۆ کردووە کە باجی بازرگانی لەسەدا 10ـی بەسەر هەموو وڵاتەکاندا سەپاندووە.
لەوبارەوە دادگای باڵای ئەمریکاش رۆژی هەینی، بەکۆی 6 دەنگ بڕیاریدا دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی سەپاندنی باجی جیهانی نییە بەپێی یاسای دەسەڵاتە ئابوورییە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ بڕیارەکەی بە نائومێدکەر وەسفکرد و دادگای تۆمەتبارکرد بەوەی ملکەچی بەرژەوەندییە دەرەکییەکانە، جەختیشی کردەوە، "هەموو باجەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی لە جێبەجێکردندا دەمێننەوە."