کۆمپانیای نەوتی باکوور روونکردنەوە لەسەر ئاگرکەوتنەوەی وێستگەی غازی باجوان دەدات
کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند؛ تیمەکانی ئەندازیاری و بەرگریی شارستانی توانیویانە ئاگرێکی نێو وێستگەیەکی پاڵەپەستۆی غاز لە ناوچەی باجوان کۆنتڕۆڵ بکەن و دڵنیاییش دەدات ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییە حکوومییەکانی کۆمپانیاکە، کاتژمێر 3:20ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی تێکچوونێکی تەکنیکی لە سیستەمی پێوەرەکانی وێستگەی (AB2) لە ناوچەی باجوان، غاز دزەی کردووە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە تەنیشت وێستگەکە.
کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاماژەی بەوە کردووە، دەستبەجێ پلانە پەسەندکراوەکانی فریاگوزاری جێبەجێ کران و سەرچاوەکانی غازەکە جیاکرانەوە. تیمەکانی سەلامەتی و ئاگرکوژێنەوە لە ماوەیەکی پێوانەییدا توانیان کاتژمێر 5:00ـی بەیانی ئاگرەکە بە تەواوی بکوژێننەوە، بەبێ ئەوەی هیچ بریندار و زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.
ئێستا تیمە تەکنیکییەکان دەستیان بە هەوڵەکانیان کردووە بۆ چاککردنەوەی بۆرییەکە و گەڕاندنەوەی وێستگەکە بۆ دۆخی ئاسایی کارکردن.
کۆمپانیاکە لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان و رای گشتیی، "دۆخەکە بە تەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و هەموو دامەزراوەکان بەگوێرەی رێکارە ستانداردەکانی سەلامەتی پیشەسازی کاردەکەن." هەروەها جەختی کردەوە کە بەردەوامن لە گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی گیانی کارمەندەکانیان لە شوێنی کارەکە.