پارێزگاری حەسەکە چەند رێکارێکی بۆ گێڕانەوەی سەقامگیریی و خزمەتگوزاری لە شارەکە راگەیاند

نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەساکە، چەندهەنگاوێکی بۆ بوژاندنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی و کارگێڕی لە پارێزگاکە راگەیاند، جەختی لەسەر بەردەوامیی جێبەجێکردنی پاکێجێک لە رێوشوێنەکان کردەوە کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی سەقامگیری و ئاسانکاریی کاروباری هاووڵاتیانە لە کەرتە جیاجیاکاندایە.

پارێزگاری حەسەکە لە راگەیەدراوێکدا ئاشکرای کرد، سبەی یەکشەممە، سەرجەم رێگاکانی بەرەو شاری حەسەکە  دەکرێنەوە، گوتیشی، ئەمەش دوای تەواوکردنی رێکارە پێویستەکان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هاتوچۆ دێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ شەممە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی کارەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامشلۆ شاندێکی تەکنیکی لە دیمەشقەوە دەگاتە حەسەکە.

نورەدین ئەحمەد روونیشیکردەوە، لیژنەیەکی تایبەتمەند لە قایمقامیەت سەرپەرشتی پرۆسەی یەکگرتنەوەی دامەزراوەی گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە و بەرهەمهێنانی دانەوێڵە کردووە، جگە لە گەڕاندنەوەی فەرمانبەرە دەرکراوەکان بۆ سەر کارەکانیان بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان، گوتیشی، رێنمایی دراوە ئەمڕۆ شەممە، ژمارەیەک زیندانی لە حەسەکە ئازاد بکرێن. 

هەروەها پارێزگاری حەسەکە دەستپێکردنەوەی گەشتە وشکانییەکانی نێوان حەسەکە و دیمەشقی راگەیاند، کە یارمەتیدەر دەبێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان و کاڵاکان، جەختیشی کردەوە، قۆناغی داهاتوو هەنگاوی کردەیی زیاتر دەبێت بۆ کاراکردنەوەی کەرتە خزمەتگوزارییە جیاوازەکان بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵکی پارێزگاکە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا، فەرمانی ژمارە (30)ـی ساڵی 2026ـی دەرکرد و تێیدا نورەدن ئەحمەد عیسا وەک پارێزگاری پارێزگای حەسەکە دەستنیشانکرا.