وەزارەتی ناوخۆی سووریا رێنماییەکانی پێدانی رەگەزنامە بە هاووڵاتییانی کورد بڵاو دەکاتەوە

وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی مەرسوومی ژمارە 13ـی ئەمساڵ رێنماییە جێبەجێکارییەکانی تایبەت بە پێدانی رەگەزنامەی سووری بەو هاووڵاتییە کوردانە بڵاو کردەوە کە مەرسوومەکە دەیانگرێتەوە

وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە رێکەوتی 18ـی شوباتی 2026، بڕیاری ژمارە (1944)ـی دەرکرد، کە تایبەتە بە ڕێنماییە جێبەجێکارییەکانی مەرسوومی ژمارە (13)ـی ساڵی 2026ـی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە، سەبارەت بە پێدانی رەگەزنامەی سووری بەو هاووڵاتییە کوردانەی مەرسوومەکە دەیانگرێتەوە. بڕیارەکە جەخت لەسەر بنەمای یەکسانیی نێوان هاووڵاتییان، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و یەکخستنی نیشتمانی دەکاتەوە.

بە گوێرەی ماددەی یەکەمی بڕیارەکە، هەر کەسێک ئارەزووی وەرگرتنی رەگەزنامەی هەیە و مەرجەکان دەیگرێتەوە، دەبێت داواکارییەکەی بەپێی فۆڕمی دیاریکراو (تاکەکەسی یان خێزانی) پێشکەش بەو بنکانە بکات کە بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کراون.

 

لە ماددەی دووەمدا هاتووە، کە بنکەکانی وەرگرتنی داواکاری لەم پارێزگایانە دەبن:

-پارێزگای دیمەشق (یەک بنکە).

-پارێزگای حەلەب (یەک بنکە).

-پارێزگای ڕەققە (یەک بنکە).

-پارێزگای دێرەزوور (یەک بنکە).

 -پارێزگای حەسەکە (پێنج بنکە).

 

بەڵگەنامە پێویستەکان

داواکار دەبێت ئەم بەڵگەنامانە هاوپێچ بکات:

-بڕوانامەی ناساندن (شهادة تعریف) کە موختار رێکی خستبێت.

-بەڵگەنامەی مانەوە (سند إقامة) لەگەڵ ئەو بەڵگانەی شوێنی نیشتەجێبوون دەسەلمێنن.

-هەر بەڵگەنامەیەکی فەرمیی دیکە کە بوونی کەسەکە لەو شوێنە دەسەلمێنێت (وەک پسوولەی کارەبا، ئاو، تەلەفۆن، یان بەڵگەنامەی خوێندنی منداڵان لە قوتابخانەکان).

 

پێکهاتەی لیژنەکان و وردبینی

بڕیارەکە سیستەمێکی سێ قۆناغی بۆ وردبینیی داواکارییەکان داناوە:

لیژنەی بنکەکان:  لە هەر بنکەیەک لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بە سەرۆکایەتیی دادوەرێک و ئەندامێتیی فەرمانبەرێکی کاروباری شارستانی و "کەسایەتییەکی دیاری کوردی ناوچەکە کە هەڵگری رەگەزنامەی سووری بێت". ئەرکی ئەم لیژنەیە وەرگرتنی داواکاری، پەنجەمۆرکردن و ناردنی دۆسیەکانە بۆ لیژنەی لاوەکی لە ماوەی 20 رۆژدا.

لیژنەی لاوەکی (لە پارێزگاکان):  بە سەرۆکایەتیی پارێزگار و ئەندامێتیی دادوەرێکی تێهەڵچوونەوە (ئیستیئناف) و بەڕێوەبەری کاروباری شارستانیی پارێزگاکە، ئەرکیان وردبینیکردن و بەرزکردنەوەی ناوەکانە بۆ لیژنەی ناوەندی لە ماوەی 10 رۆژدا، هەروەها وەرگرتنی تانە (اعتراض) لە ئەنجامەکان.

لیژنەی ناوەندی (لە وەزارەت): بە سەرۆکایەتیی یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری شارستانی و ئەندامێتیی دادوەرانی باڵا. ئەم لیژنەیە بڕیاری کۆتایی دەدات و لیستەکان پەسەند دەکات بۆ دەرکردنی بڕیاری وەزاری.

 

مافی تانەدان و سزای ساختەکاری

بە گوێرەی ماددەی پێنجەم، هەر کەسێک لە ئەنجامی لیژنە لاوەکییەکان ناڕازی بێت، مافی ئەوەی هەیە لە ماوەی 15 رۆژدا تانە لە بڕیارەکە بدات و لیژنەی ناوەندی دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا بڕیاری لەسەر بدات.

لە ماددەی نۆیەمدا هۆشداری دراوە کە ئەگەر ساغ بێتەوە زانیارییەکان راست نین یان ساختەکاری لە بەڵگەنامەکاندا کراوە، داواکارییەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە و رکاری یاسایی بەرانبەر خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر.

 

مەرسوومی ژمارە (13)ـی ساڵی 2026ـی سەرۆکایەتیی سووریا

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، هەینی 16ـی کانوونی دووەمی 2026، مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 13ـی بۆ ساڵی 2026 دەرکرد. مەرسوومەکە کۆمەڵێک بڕیار لەخۆدەگرێت کە پەیوەستن بە پێگەی یاسایی، کولتووری و سیاسیی کورد لە سووریا.

لە مەرسوومەکەدا، دان بە بەشێک لە مافەکانی کورددا نراوە، هەروەها زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە وڵات ناسێنراوە، هەروەها بە پێی مەرسوومەکە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدرێت بۆ پێدانی رەگەزنامە بۆ ئەو کوردانەی کە بەهۆی سەرژمێریی ساڵی 1962ـەوە لێی بێبەش کرابوون.