بەهۆی بڕیارێکی حکوومەتەوە نرخی ئۆتۆمبێل لە عێراق بەرزبووەوە

بڕیاری زیادکردنی پێناسەی گومرگی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەی لەسەر بازاڕەکان دروستکردووە و بەتایبەتی بازاڕی ئۆتۆمبێلی پەکخستووە. سەرەڕای ناڕەزایەتی هاووڵاتییان و بازرگانان، حکوومەتی عێراق سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

بەپێی بڕیارە نوێیەکە، باجی گومرگی بە رێژەی 15٪ دەخرێتە سەر ئۆتۆمبێلەکانی مۆدێل 2025 و بەرەو سەر. وەک باس دەکرێت، ئامانج لەم هەنگاوە، کەمکردنەوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەنزینکارە بۆ هاندانی هاووڵاتییان تاوەکو روو لە کڕینی ئۆتۆمبێلی (هایبرد) و کارەبایی بکەن؛ بەڵام ئەمە بووەتە هۆی گرانبوونی سەرجەم مۆدێلەکانی ئۆتۆمبێل.

بازرگانان و شارەزایانی بواری ئۆتۆمبێل ئاماژە بەوە دەکەن ئەم بڕیارە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر گیرفانی هاووڵاتییان هەیە. بەجۆرێک، ئۆتۆمبێلێک پێشتر نرخی یەک دەفتەر (10,000 دۆلار) بووبێت، بەهۆی ئەم زیادکردنەوە نرخەکەی دەبێتە یەک دەفتەر و 15 وەرەقە (11,500 دۆلار). بازرگانان داوا دەکەن حکوومەت پاڵپشتی کڕیاران بکات ئەگەر دەیەوێت خەڵک روو لە ئۆتۆمبێلی ژینگەدۆست بکەن، نەک تەنیا باج زیاد بکات.

             کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە تەنیا لەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێل نەماوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە باج بە رێژەی 15٪ بۆ 135٪ بخرێتە سەر سەرجەم کاڵا و شتومەکە هاوردەکراوەکانی دیکەش. هەرچەندە پێشتر بەهۆی فشاری خەڵک، فرۆشیاران و ژوورە بازرگانییەکانەوە بڕیارەکە بۆ ماوەیەک راگیرا و نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام مەترسی سەرهەڵدانەوە و جێبەجێکردنی بڕیارەکە وایکردووە بازاڕەکانی عێراق تووشی سستی و پەککەوتن ببن.

سەرەڕای ئەو ناڕەزایەتییانە و بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕازی بازرگانان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پێناسە گومرگییەکە. لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بە ئامادەبوونی دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەکان، محەممەد شیاع سوودانی فەرمانی کردووە بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی پێناسەی گومرگی. هەروەها جەختی لە پاڵپشتیکردنی سیستەمی "ئاسیکۆدا"، بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنوورییەکان و هاندانی بەرهەمی ناوخۆیی کردووەتەوە.