دەم پارتی داوا دەکات پاراستنی زمانی کوردی بە دەستوور مسۆگەر بکرێت
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی شوباتی 2026، لە شاری دیاربەکری باكووری کوردستان، بە بەشداریی پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) چالاکییەک رێکخرا.
سەرهەد ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی دیاربەکر، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، داوای لە دەسەڵاتی تورکیا کرد پاراستنی زاراوەکانی زازاکی و کورمانجی بە دەستوور مسۆگەر بکەن.
لە چالاکییەکەدا نامە بۆ وەزارەتی پەروەردەی تورکیا و رێکخراوی یونسکۆ نێردرا، هۆشداری درا لە مەترسیی لەناوچوونی زازاکی، هەروەها داوای مسۆگەریی یاسایی و دەستووری کرا.
ساڵانە لە 21ی شوبات و لەرۆژی جیهانیی زمانی دایک، دامەزراوە کوردییەکان و پارتە سیاسییەکان لە باکووری کوردستان کەمپەین و چالاکیی جۆراوجۆر بۆ پاراستنی زمانی کوردی رێکدەخەن. دەوڵەتی تورکیا تاوەکوو ئێستا دان بە زمانی کوردیدا نانێت و لە دەستووری ئەو وڵاتەدا تەنیا زمانی تورکی بە زمانی فەرمی ناسێندراوە.
هاوکات لە پەرلەمانی تورکیا زۆرجار لەکاتی قسەکردنی پەرلەمانتارە کوردەکان بە زمانی دایک مایکرۆفۆنەکانیان دەکوژێندرێتەوە و لە تۆمارە فەرمییەکانیشدا زمانی کوردی وەک "زمانێکی نەناسراو" یان "زمانێکی دیکە" دەنووسرێت. لە ماوەی رابردوودا حکوومەت چەندین قەدەغەی خستووەتە سەر شانۆگەری و کۆنسێرتە کوردییەکان، ئەمەش نیگەرانیی چالاکڤانانی لێکەوتووەتەوە و هەوڵەکان بۆ ناساندنی زمانی کوردی بەردەوامن.