کتێبێکی ژاپۆنی لەسەر نەورۆز و کولتووری کوردی بڵاو دەکرێتەوە
بڕیارە لە مانگی داهاتوودا، کتێبێکی وێنەیی لەلایەن نووسەر و وێنەکێشێکی ناوداری ژاپۆنییەوە لەبارەی جەژنی نەورۆز و کولتووری کوردییەوە بخرێتە بازاڕەوە.
شەممە 21ـی شوباتی 2026، ماکی کانای، نووسەر و وێنەکێشی ژاپۆنی، بە کوردستان24 ڕاگەیاند، ئامادەکاری دەکات بۆ بڵاو کردنەوەی کتێبە نوێیەکەی کە تایبەتە بە جەژنی "نەورۆز" و لە چوارچێوەی زنجیرە کتێبی بەناوبانگی (Takusan no Fushigi)دایە، بڕیاریشە لە مانگی ئاداری داهاتوودا بەردەست بێت.
دەربارەی ناوەڕۆک و بیرۆکەی کتێبەکە، کانای لە کورتەیەکی پێناسەییدا دەڵێت: "لە ڕۆژی یەکسانبوونی بەهاردا، پارێزگای سایتامای ژاپۆن دەبێتە مەیدانی ئاهەنگی نەورۆز؛ ئەو ئاهەنگەی کوردەکان بەبۆنەی ساڵی نوێوە دەگێڕن، بەڵام بەڕاستی کورد کێن؟ و لایەنە شاراوەکانی کولتوورەکەیان چین؟"
کتێبەکە لە ڕێگەی زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆوە کە نووسەر لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە ژاپۆن، ئێران، عێراق، کەنەدا، بەریتانیا و ئەڵمانیا ئەنجامی داون، تیشک دەخاتە سەر جوانی و سەرنجڕاکێشیی میراتی کوردی.
هەروەها ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی تایبەت گرنگی بە ڕێوڕەسمەکانی ئاهەنگی نەورۆز و جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی بە ڕەنگە گەشەکانییەوە دەدات.
شایانی باسە، ئەم بەرهەمە بە هەماهەنگی و هاوکاریی نووسەر و وەرگێڕی کورد "ئامانج شاکەلی" ئامادە کراوە، کە بە دابینکردنی وێنە و جلوبەرگ و کەرەستەی کولتووریی کوردی، دەوڵەمەندی بەخشیوەتە لاپەڕەکانی کتێبەکە.