رامی عەبدولڕەحمان: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بنکەی قەسرەکی لە حەسەکە چۆڵ کرد، بەڵام لە خەراب جیر ماوەتەوە
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە کشانەوە لە بنکە سەربازییەکانیان لە سووریا و ئەمڕۆش لە بنکەی قەسرەکی باکووری ڕۆژهەڵاتی حەسەکە کشانەوە، بەڵام هێشتا هێزەکانیان لە بنکەی خەراب جیر لە ڕمێلان جێگیرن.
شەممە 21ـی شوباتی 2026، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا دەستیان بە کشانەوەی بەشەکی کردووە لە بنکەی قەسرەک؛ لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا جموجۆڵی لوجیستیی چڕ لە ناوچەکە هەبووە و نزیکەی 100 بارهەڵگر لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە نێو بنکەکە بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و ئامێرە سەربازییەکان.
ئاماژە بەوەش دا، کە کاروانێکی سەربازی کە لە نزیکەی 100 ئامێری قورس شۆفڵ و بلدۆزەر پێکهاتبوون، لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی وەلیدەوە بەرەو هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە.
تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن ئەمەریکاوە نەدراوە سەبارەت بەوەی ئایا ئەم جووڵانە کشانەوەی یەکجارەکییە یان تەنیا دووبارە جێگیرکردنەوە و بڵاوەپێکردنی هێزەکانە.
ئەم پەرەسەندنە دوای زنجیرەیەک کشانەوەی خێرا دێت لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، کە لە 11ـی شوبات، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردبووە، هاوپەیمانان بنکەی تەنفیان لە سێگۆشەی سنووریی سووریا-عێراق-ئوردن بە تەواوی چۆڵ کردووە و ڕادەستی هێزەکانی حکوومەتی سووریایان کردووە.
هەروەها لە 5ـی شوبات، هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی شەدادێ لە باشووری حەسەکە کشانەوە و پێش ڕۆیشتنیان بەشێک لە بنکەکەیان تەقاندەوە؛ لە 2ـی شوباتیش، سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی کشانەوەی تدریجی بوو لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی هێزەکاندا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بوونی سەربازیی هاوپەیمانان لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015 و شەڕی دژی داعش، کە تێیدا لە دەیان بنکە لە پارێزگاکانی حەسەکە و دێرەزوور جێگیر بوون، لە گرنگترینیان ڕمێلان، تەل بەیدەر، هیمۆ، فڕۆکەخانەی ڕۆبار، کێڵگەی نەوتی عومەر و کۆنیکۆ.