سەرکردەیەکی فەتح: ڤیتۆی ترەمپ لەسەر نووری مالیکی، هەڵوێستی فەرمی ئەمریکا نییە

سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی فەتح رایدەگەیەنێت، نووری مالیکی کاندیدی فەرمیی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و بەهۆی هەستیاریی دۆخەکەشەوە پێویستییان بە کەسایەتییەکی بەهێزە، هاوکات پشتیوانیی خۆیشی بۆ فوئاد حوسێن وەک سەرۆککۆماری داهاتوو دەردەبڕێت و مەرجی پاشەکشەی مالیکیش لە کاندیدبوونەکەی ئاشکرا دەکات.

شەممە 21ـی شوباتی 2026، مەحموود حەیانی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی فەتح، میوانی ژووری هەواڵی کوردستان24 بوو و رایگەیاند، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببێتەوە و تا ئێستاش نووری مالیکی تاکە کاندیدی فەرمییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

حەیانی ئاماژەی بەوە دا، عێراق لە قۆناغی داهاتوودا رووبەڕووی ئاڵنگاری و پێشهاتی نوێ دەبێتەوە، بۆیە پێویستی بە سەرۆکوەزیرانێکی بەهێزە و ئەوان مالیکی بە گونجاوترین کەس دەزانن بۆ ئەو قۆناغە. گوتیشی: "مالیکی نەکشاوەتەوە و سورە لەسەر ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵام رەزامەندیی دەربڕیوە ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی داوای کشانەوەی لێ بکەن، ئەوا پابەند دەبێت".

سەبارەت بە هەبوونی جێگرەوە بۆ مالیکی، ئەو سەرکردەیەی فەتح ئاشکرای کرد کە ناوەکانی ئەبو عەلی بەسری، حەمید شەتری و ساڵح حەسناوی وەک جێگرەوە دیاری کراون، بەڵام ئەولەویەت بۆ مالیکییە.

لەبارەی هەڵوێستی ئەمەریکا و دەنگۆی دانانی ڤیتۆ لەسەر مالیکی لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، مەحموود حەیانی روونیکردەوە: "ئەو پەیامانەی دەبیسترێن بڕیاری تاکلایەنەی دۆناڵد ترەمپن و وەک هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی ئەمەریکا هەژماری ناکەین چونکە لە کۆنگرێسەوە دەرنەچووە، بەڵام ئەگەر تۆم باراک، کە نوێنەری ئەمەریکایە بۆ عێراق، بە فەرمی ڤیتۆی لەسەر مالیکی هەبێت، ئەوکات ئێمە وەک هەڵوێستی فەرمیی ئەمەریکا وەریدەگرین و پێیەوە پابەند دەبین."

حەیانی پشتیوانیی خۆی بۆ فوئاد حوسێن، وەک کاندیدی سەرۆککۆمار دەربڕی و رایگەیاند: "پێمان وایە بۆ ئەم قۆناغە نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران و فوئاد حوسێن وەک سەرۆککۆمار پێویستن و تەنیا ئەوان دەتوانن سەرکردایەتیی عێراق بکەن، چونکە فوئاد حوسێن لە ماوەی کارکردنیدا وەک وەزیری دەرەوە توانیویەتی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، زلهێزەکان، ئەوروپا و ئەمەریکا و ئاسیا بنیات بنێت."